ZNA-هەولێر نرخی زێڕ بەهۆی "گەشبینی" جیرۆمی پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ سێیەم رۆژی یەک لە دوای یەک بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نزیکەی 6 دۆلار بەرزبووەوە و بە 1877 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووە و هەر ئۆنسەیەکی بە 1888 دۆلار مامەڵەی پیوەکرا.
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر پێویست بکات سوودی بانکی زیاتر بەرزدەکەنەوە، بەڵام راشیگەیاند کە ئاماژەکان لەسەر کەمبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بە دەرکەوتوون و پێشبینی دەکەن رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بەردەوام بێت لە دابەزین.
بەپێی شرۆڤەکاران گوتارەکەی جیرۆم پاوڵ زیاتر بە ئاراستەی هێورکردنەوەی بازاڕ بووە هەرچەندە هۆشداریداوە کە سوودی بانکی بەرز دەکەنەوە، ئەگەر داتاکانی ئابووری ئەمریکا بەهێزبن، بەڵام زیاتر گەشبینی پێوەدیار بووە کە نەهێڵن ئابووریی ئەمریکا رووبەڕووی سستبوونەوە بێت.
ئەوە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی زێڕ پێشبینی بکەن، لە ئەمساڵدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی زۆر بەرزنەکاتەوە.
ئەم هەواڵە 433جار خوێندراوەتەوە |