ZNA – هەولێر
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە٩ی شوبات، سزای بەسەر نۆ کۆمپانیای چالاکدا سەپاند. ئەم کۆمپانیانە لە بەرهەمهێنان، فرۆشتن و ناردنی سەدان ملیۆن دۆلار بەرهەمی پترۆکیمیایی و نەوتی ئێران بۆ کڕیارە ئاسیاییەکان چالاکن.
برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگریی دارایی، وتی: ئێران بەپێچەوانەی سزاکانی ئەمریکا، بۆ فرۆشتنی پترۆکیمیایی و نەوت زیاتر ڕوو لە کڕیارانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەکات.
ناوبراو گوتی: ئەمریکا هەروا سەرنجی لەسەر بەئامانجگرتنی سەرچاوەکانی داهاتی نایاسایی تاران دەمێنێتەوە و لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەی کە بە ئاگاداری خۆیان ئاسانکاری بۆ ئەم بازرگانییە دەکەن، بەردەوامیش دەبێت.
کۆمپانیای پترۆکیمیایی ئەمیرکابیر، کۆمپانیای سیمۆرغ پترۆکیمیایی و چوار کۆمپانیای لقەکانی کۆمپانیای پترۆکیمیایی ماروون، بە ناوەکانی کۆمپانیای پترۆکیمیای لالەح، کۆمپانیای تینا تەدبیر مارون، کۆمپانیای ئۆفوق سپێهر مارون و کۆمپانیای پیشەسازی تەواوکەری مارون، شەش کۆمپانیای گەمارۆدراون و بنکەکانیان لە ئێرانە.
هەروەها هەردوو کۆمپانیای "سووتەمەنیی ئاسیا" و "گواستنەوە و بازرگانی هەست" کە بنکیان لە مالیزیا و "یەکێتی وزە" کە بنکیان لە سەنگافورەیە، سێ کۆمپانیای بیانین لەلایەن ئەمریکاوە سزا دراون.
ئەم هەواڵە 361جار خوێندراوەتەوە |