ZNA – هەولێر
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، چاکسازییەکانیان لە کەرتی بانکی عێراق رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر بازرگانیی نێودەوڵەتیی عێراق و ئابووریی نیشتمانی دەبێت.
عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی پاکێجی چاکسازی دەستپێکردووە، ئەوەش بە مەبەستی چاکسازییکردن لە کەرتی بانکی عێراق و پەرەپێدانی ئەو کەرتە، بە جۆرێک لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان گونجاو بێت و ئەوەش رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر بازرگانیی نێودەوڵەتی عێراق و ئابووریی نیشتمانی.
عەلی عەللاق دەشلێت: "بانکی ناوەندیی عێراق بەردەوام دەبێت لە رێکارەکان بۆ رێگەگرتن لە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، وێڕای پەرەپێدانی کەرتی بانکی عێراقی".
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئەو قسانەی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەحموود محێدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو کرد کە لە چوارچێوەی سەردانەکەی شاندی عێراقی بۆ ئەمریکا بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بەڕێوەچوو.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو گوتی: "سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پشتیوانیی تەکنیکی لە بوارە جیاوازەکاندا پێشکێشی بانکی ناوەندی دەکات".
بانکی ناوەندیی عێراق لە رۆژی چوارشەممە، 8-2-2023ـەوە دۆلار بە نرخی نوێ دەفرۆشێت، بەم شێوەیەی خوارەوە:
- هەر دۆلارێک بە 1300 دینار لە وەزارەتی دارایی دەکڕن.
- هەر دۆلارێک بە 1310 دینار بە بانکەکان دەفرۆشن لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنی.
- هەر دۆلارێک بە 1320 دینار لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان دەفرۆشرێت بۆ سوومەندبوونی کۆتایی .
ئەم هەواڵە 529جار خوێندراوەتەوە |