ZNA – هەولێر
دەنیز بایکاڵ سەرۆکی پێشووی حزبی گەلی کۆماری (جەهەپە) تورکیا لەتەمەنی 84 ساڵیدا لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا کۆچی دواییکرد.
کەمال کڵچکدار ئۆغلۆ، سەرۆکی ئێستای پارتی گەلی کۆماری تورکیا لەهەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، "بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماریمان پێگەیشت، چیرۆکێکی پڕ لەخەباتی بۆ بەجێهێشتین، ئەو عاشقی تورکیا بوو، بەوبۆنەیەوە سەرەخۆشی لەگەلەکەمان دەکەم."
ئاسلی بایکاڵ لەبارەی کۆچی دوایی باوکییەوە، : "بەیانی ئەمڕۆ باوکم لە ماڵەوە کۆچی دواییکردووە و رۆژی سێشەممە لە ئەنتالیا بە خاکی دەسپێرن، پرسەکەشی لەنێو ماڵەکەی خۆیدا دەبێت لە ئەنقەرە".
بایکاڵ لە بەرواری 20- 7 1938، دا لە ئەنتالیای تورکیا لە دایک بووە و کۆلێجی یاسای لە زانکۆی ئەنقەرە تەواوکردووە، بایکاڵ بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستی سیاسیدا بەدەستهێناوە و دوای ئەوەی بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنا بۆماوەی دووساڵ لەکۆلێژی زانستەسیاسییەکانی زانکۆکانی کۆڵۆمبیا و بیرکلی ئەمریکا وانەی گوتۆتەوە و خاوەنی چەندین کتێب و وتارە لە بواری زانستی سیاسیدا.
هۆکاری دوورکەوتنەوەی بایکاڵ لە سەرۆکایەتی حزبەکەی ساڵی 2010 بۆ ڤیدیۆیەکی ئابرووبەر دەگەڕێتەوە، کە ئەوان بە درووستکراوی ئاکپارتی و ئەردۆغانیان دانا.
پارتی گەلی کۆماری پارتێکی چەپەو ساڵی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزراوە.
ئەم هەواڵە 229جار خوێندراوەتەوە |