ZNA-هەولێر سوپای ئەمەریکا فڕۆکەیەکی شەڕکەری ناردە ئاسمان بۆ دڵنیابوونەوە لەو تەنە نامۆیەی کە لە رادارەکاندا دەرکەوتووە، دواتر رایگەیاند، کە فڕۆکەکەیان هیچ شتێکی نائاسایی لە ئاسمان بەدی نەکردووە.
پێنتاگۆنیش لەوبارەیەوە ئاشکرایکرد، هیچ تەنێکی نەناسراو لە ئاسمانی مۆنتانا نەبیندراوە و ئەوەی هەبووە تەنیا "کێشەیەکی تەکنیکی" رادارەکان بووە.
فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی ئەمەریکای باکوور لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوەکردەوە، بەرپرسان بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکەن.
ئەم بەیاننامەیە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە "تەنێکی" نەناسراو لە ئاسمانی ناوچەی یوکۆن لە کەنەدا لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمەریکا و کەنەدا خرایە خوارەوە.
هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دوای ئاشکرابوونی باڵۆنێکی هەواڵگری چینی لە ئاسمانی ئەمەریکادا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ چین بۆ کاتێکی نادیار دواخست.
رۆژی 4ـی شوباتی 2023، میدیا ئهمهریكییهكان بڵاویانكردهوه، وەزارەتی بەرگری ئەمهریکا باڵۆنە سیخورییەکەی چینی لە کەناراوەکانی کارۆلینای باشوور خستەخوارەوە.
ئەم هەواڵە 184جار خوێندراوەتەوە |