English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بۆ دابه‌شكردنی به‌شه‌ خۆراك بڕیاری نوێ ده‌رده‌چێت
2023-02-12 [02:34 AM]

ZNA- هه‌ولێر


حكوومەتی عێراق، وەزارەتی بازرگانی رادەسپێرێ، بە زووترین كات پرۆگرامی كارتی بەشەخۆراك تەواو بكات و ڕێوشوێنی بەپەلەش بۆ دابینكردنی كەلوپەلی بەشەخۆراك لە مانگی ڕەمەزاندا بگرێتە بەر.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: "ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە گفتوگۆكردن لەسەر كارتی بەشەخۆراكی كرد، ئەویش بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراك و سەرۆكی دەستەی ڕاوێژكاران لە دیوانی سەرۆكی حكوومەت، لە كۆبوونەوەكەدا بەرنامەیەكی ئەلیكترۆنی خرایە ڕوو، كە بریتییە لە پەسەندكردنی كارتێكی ئەلیكترۆنی بۆ هەر سەرۆك خێزانێك، كە بەشەخۆراكی مانگانەی هەیە."

بەپێی بەیاننامەكە: "سوودانی، وەزارەتی بازرگانی راسپاردووە، بەمەبەستی وەستاندنی بەهەدەردانی پارەی گشتی، بەزووترین كات ئەو بەرنامەیە تەواو بكات."

جەختیش كراوەتەوە كە: "لە كۆبوونەوەكەدا بە ڕێنوێنی سەرۆكی حكوومەت، بڕیارد را بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە، بۆ دابینكردنی كەلوپەلی بەشەخۆراك لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، بۆ سەرجەم هاووڵاتییان و خەڵكی هەژار، كە دەستەی پاراستنی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، بڕیاری گونجاویش لەوبارەیەوە درا."

حكوومەتی عێراق ئاشكرای كردووە، جێبەجێكردنی ئەلیكترۆنیی نوێ بۆ بەشەخۆراك بە شێوەیەكە، ناوی مردوان و دانیشتوانی دەرەوەی عێراق و هەموو ناوێكی خەیاڵی ئاشكرا دەكات و ئەو ناوانەش ئاشكرا دەكات، كە بە راستەقینەیی بەشەخۆراك وەردەگرن.

لای خۆیەوە، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان،  ڕایگەیاند: "هەر بڕیار و رێنوێنییەكی تازە بۆ بەشەخۆراك و پسوولەی خۆراك لە عێراق دەربچێت، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و ئێمەش لە هەرێمی كوردستان بەپێی بڕیارەكانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بەشەخۆراك دابەش دەكەین."

جەختیشی كردەوە، هەندێك كۆبوونەوە و بابەتی پراكتیكی كراون، بۆ ئەوەی بەشەخۆراك لە رێگەی كارتی ئەلیكترۆنی دابەش بكرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕوونی کردەوە، لە ساڵی 2022دا پێنج بەشەئارد و 11 بەشەخۆراک دابەش كراو،.

 

شوان به‌رزنجی

 





ئەم هەواڵە 1192جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad