ZNA : هەولێر پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە سوێد چەند هۆکارێکی وشکبوون و قڵیشانی لێوەکان ئاشکرادەکات و رایدەگەیێنێت، وشکبوونی لێوەکان هەندێکجار بە ئازارە، هاوکات شێوەیەکی ناڕیکێش بە جوانیی رووخسار دەبەخشێت
. دکتۆر ئانا جۆزێفسۆن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست لە نەخۆشخانەی زانکۆی ئۆرێبرۆ لە سوێد دەریدەخات، هۆکارەکانی وەکو 'وشکبوونەوەی جەستە، کەمیی ڤیتامینەکان و هەستیاری' لە هۆکارە باوەکانی قڵیشانی لێوەکانن
. دکتۆر ئانا جۆزێفسۆن دەڵێت: ''کەشوهەوای سارد و وشکی زستان یاخود مانەوە لەبەردەم خۆردا لە وەرزی هاوین هۆکارێکن بۆ وشکبوونی لێوەکان.''
لە بارەی وشکبوونەوەی جەستە پسپۆڕەکەی پێست پێشنیازدەکات، رۆژانە جگە لە خواردنەوەی ئاو، بایەخ بە خواردنەوەی شەربەت و میوە سرووشتییەکانیش بدرێت بۆئەوەی ئاوی پێویست بۆ جەستە دابینبکەن، هەروەها دەڵێت: ''خۆراکەکانی وەکو 'شووتی، کاڵەک، شلیک، خۆخ، پرتەقاڵ، تەماتە، خەیار، سپێناخ و قارچک' رێژەیەکی زۆر لە ئاویان تێدایە و جەستە شێداردەکەن.'' بەگوتەی پسپۆڕەکەی پێست ڤیتامینەکان کاریگەریی سەرەکییان لەسەر وشکبوونەوەی جەستە دەبێت، بەجۆرێک کەمیی ڤیتامین بی و مادەی ئاسن دەشێت رێخۆشکەربن بۆ تووشبوون بە هەوکردن و قڵیشانی لێوەکان
. دکتۆر ئانا روونیدەکاتەوە، هاووڵاتییان بۆ دەستکەوتنی ڤیتامین بی بایەخ بە 'جگەری ئاژەڵ، برۆکلی، پاقلەمەنییەکان، چەرەس، ماسی و مۆز' بدەن، هەروەها بۆ دەستکەوتنی
مادەی ئاسن خۆراکەکانی وەکو 'گوێز، میوەوشککراوەکان، چەرەس، هێلکە، پاقلەمەنییەکان، گۆشتی سوور، سپێناخ و شوکولاتەی رەش' بخۆن. پسپۆڕەکەی پێست ئاماژە بە چەند ناڕێکی و نەخۆشییەک دەکات کە دەبنەهۆی قڵیشان و وشکبوونی لێو و دەڵێت: ''زۆرینەی حاڵەتەکان بەهۆی هەستیاری و کەمیی چالاکیی رژێنی پەریزادەوە دەبێت، هەروەها هەوکردنی بەکتریایی و کەڕوویی دەشێت هۆکاربن بۆ وشکیی لێوەکان
.'' لە بارەی پەیوەندی نێوان کێشانی جگەرە و نێرگەلە لەگەڵ وشکبوونی لێوەکان پسۆڕەکەی پێست ئاشکرای دەکات، نیکۆتینی نێو جگەرە بڕی دەردانی لیک کەمدەکاتەوە، سەرئەنجام نێو دەم و لێوەکان وشکدەبن، چونکە بەشێدار هێشتنەوەی دەم یەکێکە لە فەرمانەکانی لیک.
پسپۆڕەکەی پێست و جوانکاری چەند رینوێنییەک بۆ مامەڵەکردن و پێشگیریکردن لە وشکیی و قڵیشانی لێوەکان دەخاتەڕوو و رایدەگەیێنێت، مەلهەمی لێو کە چەوری و شێداری بە لێو دەبەخشێت یاخود کرێمی شێدارکەرەوەی پێست بەکاربهێندرێت، هەروەها ڤیتامین و مادەی کانزایی پێویست بۆ جەستە بە خواردنی خۆراکەکان و تەواوکەرەخۆراکییەکان دابینبکرێن، هاوکات دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە کێشان و مانەوە لە کەشوهەوای مامناوەند جێبەجێبکرێن
. لەکۆتاییدا پسپۆڕەکە هۆشداریدەداتە هاووڵاتییان، لەکاتی بەردەوامیی قڵیشان و وشکیی لێوەکان بۆ زیاتر لە سێ هەفتە، راوێژی پزیشکی پسپۆڕ بکەن.
ئەم هەواڵە 271جار خوێندراوەتەوە |