ZNA- هەولێر
به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سووریا، ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیووه به كردنه‌وه‌ی ده‌رگای دوو ده‌روازه له‌نێوان توركیا و باكووری رۆژئاوای سووریا بۆ ماوه‌ی سێ مانگ، بۆ ئه‌وه‌ی هاوكارییه مرۆییه‌كان بگاته ده‌ست زیانلێكه‌وتوانی بوومه‌له‌رزه‌كه.
ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێز، ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند، به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سووریا ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیووه بۆ كردنه‌وه‌ی دوو ده‌روازه‌ی نێوان توركیا و باكووری رۆژئاوا، بۆماوه‌ی سێ مانگ، له‌پێناو گه‌یشتنی هاوكارییه مرۆییه‌كان بۆ زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه.
گوتیشی: ده‌ست خۆشی له‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆكی سووریا ده‌كه‌ین، کە بڕیاریدا به‌كردنه‌وه‌ی هه‌ردوو سنووری (باب سلام و ئه‌لراعی) نێوان توركیا و باكووری رۆژئاوا، بۆ ماوه‌ی سێ مانگ.
رێكخراوی كڵاو سپییه‌كان كه كاریان رزگاركردنی خه‌ڵكه له‌ژێر داروپه‌ردووی بوومه‌له‌رزه رایگه‌یاند، له‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سووریادان، ژماره‌ی گیانیان له‌ده‌ستدانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی سووریا به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ 2274 كه‌س.
ئەم هەواڵە 244جار خوێندراوەتەوە |