ZNA : هەولێر توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە ئەو دەرزیانەی کە بە شێوەیەکی باو بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی هەوکردنی ئێسك و جومگەکان بەکاردەهێنرێن زۆر کاریگەر نین لە کەمکردنەوەی ئازاردا، تەنانەت ئەگەری تووشبوون بە کاریگەرییە لاوەکییە نەرێنییەکان زیاد دەکات
. لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەرزی ترشی هایالۆرۆنیکی بۆ نەخۆشەکان دەنووسرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی پێشتر لە لێکۆڵینەوەکانیان دەرکەوتووە کە
چارەسەرەکە بێ سوودە، بەڵام لە هەندێك وڵاتدا ئەم دەرزیانە بەردەوامن لە بەکارهێنانیان. هەوکردنی ئێسك و جومگەی ئەژنۆ هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کەمئەندامی کەسانی بەساڵاچوو، بەپێی توێژینەوەکە، توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە زیاتر لە 560 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەدەست ئەم حاڵەتەوە دەناڵێنن، کە دەبێتە هۆی تێکچوونی ئێسکەکانی جومگەکانی ئەژنۆ و ئازاربەخشە، بەهۆیەوە ڕۆیشتن قورس دەبێت
. ترشی هیالۆرۆنیكیش كە چارەسەرێکە ماوەیەکی زۆرە بۆ نەرمکردنی جومگەكان و كەمكردنەوەی ئازارەکانی بەكاردەهێنرێت، دەرکەوتووە پەیوەندی بە زیاتربوونی ڕووداوە نەرێنییە جدییەكانەوە هەیە، واتە ئەم دەرزیانە نەك تەنها بێكاریگەرن، بەڵكو ڕەنگە زیانی سەختیشیان هەبێت.
ئەم هەواڵە 334جار خوێندراوەتەوە |