ZNA-هەولێر بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لەرێگای سەکۆی ئەلکترۆنییەوە پارێزگاری لە کەرتی بانکی دەکەن و پارێزگاری بانکی ناوەندیش دەڵێت، ئیرادە هەیە بۆ سەقامگیرکردنی بەهای دۆلار.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لە سەکۆی ئەلکترۆنی نوێدا سزا بەسەر ئەو بانک و کەس و لایەنەنانەدا دەسەپێنن کە دۆلار ئاڵوگۆڕ و حەواڵە دەکەن بە پێچەوانەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی.
وتیشی، ئەو هەنگاوە دەبێتە پارێزگارییەک لە کەرتی بانکی عێراق و گومان لە ئاڵوگۆڕی دراوە بیانییەکاندا ناهێڵێت، کە ئەوەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکانە.
عەلی عەلاق ئەوەشى خستەڕوو، "گفتوگۆکانمان لەگەڵ سندوقی دراوی نێوەدەوڵەتی بەردەوامە و بەرپرسیارێتی بانکی ناوەندییە بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازییەی نێوان دۆلار و دینار هەنگاوی جدیی بنێت و پاڵپشتییەکی زۆرمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە."
سەکۆی ئەلکترۆنی شێوازێکی نوێی ئاڵوگۆڕی دراوە لە رێگای پلاتفۆڕمێکەوە کە چاودێری بانکی ناوەندی عێراقی لەسەر دەبێت و نرخی دراوە بیانییەکانی تێدا دیاریدەکرێت.
ئەم هەواڵە 475جار خوێندراوەتەوە |