ZNA-هەولێر دوێنێ چوارشەممە دوای بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە کەرتی وردەفرۆشیی ئەمریکا کە دەرکەوت ئەو کەرتە بە رێژەی 3٪ لە ئاستی مانگانەدا گەشەی کردووە، نرخی زێڕ دابەزی بۆ خوار 1830 دۆلار.
لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان لە ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی زێڕ بە رێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 1841 دۆلار.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی چوار هەروەها بە رێژەی 0.3٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بە 1850 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئامارە بەهێزەکانی ئابووریی ئەمریکا گومانی لای بازرگانانی زێڕ دروستکردووە کە بەمزووانە بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەستبەرداری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بێت.
تەنیا فاکتەرێک کە بووەتە هۆکار بۆ پاڵپشتیکردن لە نرخی زێڕ، ئەو ناڕوونی و دوودڵیەیە کە لە ئابووریی جیهاندا بەدی دەکرێت، ئەوەش وایکردووە خواست بۆ ئەو کانزا زەردە دروستبێت.
ئەم هەواڵە 178جار خوێندراوەتەوە |