ZNA :هەولێر ئەلکھۆل ھۆکارێکی سەرەکی ھەوکردنی جگەرەو بۆی هەیە لە ماوەیەكی درێژدا ببێتە بەریشاڵبونو پەککەوتنی جگەر. ئەوەی لەم کورتە پۆستەدا دەمەوێت باسی بكەم، ئەو حاڵەتەی چەوری جگەرە، کە پەیوەندی بەئەلکھۆلەوە نیە ( Non-Alcoholic Fatty Liver Disease ).
1- لەدۆخی ئاساییدا، بڕێكی زۆر كەم، یاخود چەوری لە جگەر نابینرێت، ھەندێک کەس چەوری زێدەی لە جگەردا کۆدەبێتەوە، کە لای خەلک بە چەوری جگەر دەناسرێت . ھەر کاتێک ٥—١٠٪ لە کێشی جگەر بوو بە چەوری ، ئەو كاتە بە حالەتی چەوری جگەر دەناسرێت.
2- لەبەشێکی زۆری وولاتانی ئەوروپاو ئەمریکا نزیکەی ٢٥٪ ی دانیشتوان حالەتی چەوری جگەریان ھەیە. بەشێکی زۆر لەو کەسانە ئاگادارنین، كە ئەو چەوریەیان ھەیە.
3- چەوری جگەر لای زۆربەی کەسەکان ھیچ نیشانەیەک درووست ناکات و زۆربەی حالەتەکان بە ڕێکەوت لە رێگای پشکنینی خوێن یاخود سۆنار، کە بۆ مەبەستی نەخۆشیەكی تر بۆ كەسەكە دەكرێت ، بەدیار دەكەوێت.
4-بەشێکی کەم لەو نەخۆشانەی چەوری جگەریان ھەیە تووشی ھەوکردنی جگەر دەبن، لەو کاتانەدا لە پشکنینی خوێندا ئەنزیمەکانی جگەر بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوەو بۆی ھەیە وا لەنەخۆشەكە بكات ھەست بە ماندووبون و سك ئێشە بكات.
5- بەشێکی زۆر کەم لەو نەخۆشانەی، کە بەشێوەیەکی توند تووشی ھەوکردنی جگەر دەبن ، بۆی هەیە لەماوەیەكی درێژدا دووچاری ریشالبوونی جگەر ببن، کە ئەمەش حالەتێکی ترسناکەو ئەگەر نەخۆشەکە چارەسەر وەرنەگرێت بۆی ھەیە ببێتە پەککەوتنی جگەر، لەو حالەتەدا کۆمەڵێک نیشانە لەنەخۆشەکە دەردەکەوێت و دەبێت لەنزیکەوە لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆر چارەسەری وەربگرێت.
ئەم هەواڵە 649جار خوێندراوەتەوە |