ZNA-هەولێر رۆژنامهی حوریهت بڵاویكردووهتهوه، ئەو بوومەلەرزەیەی له توركیا روویدا زیان و کارەساتێکی گەورەی لێكهوتهوه، بهڵام ترسێكی گهورهتر ههیه سەبارەت بە بوومەلەرزە چاوەڕوانکراوەکەی ئیستانبوڵ کە گەورەترین و پڕ دانیشتووترین شاری ئەو وڵاتەیە.
شارەزایان دەڵێن، پێشبینی دهكهین لە ماوەی 70 ساڵی داهاتوودا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7 یان بەهێزتر ئیستانبوڵ رووبدات.
بەپێی دوایین وەشانی ماستەرپلانی بوومەلەرزەی ئیستانبوڵ کە لە ساڵی 2018 بڵاوکراوەتەوە، بوومەلەرزەیەک بەم قەبارەیە زیانێکی زۆر بە 194 هەزار بینا دەگەیەنێت یان وێرانیان دەکات.
رۆژنامەی حوریەت، بڵاوی كردووهتهوه، بوومەلەرزەکەی داهاتووی ئیستانبوڵ ئەگەر هەیە "لە هەر ساتێکدا لە ئێستادا" رووبدات.
بوومەلەرزەیەکی بەهێزتر
بە گوتەی شارەزایان، بوومەلەرزە چاوەڕوانکراوەکەی ئیستانبوڵ لە رووی زیانەکانی قەهرەمانمەڕەش زیاتر دەبێت و ئەو لێکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی کە روویدا.
بە واتایەکی تر، بوومەلەرزە خوێناوییەکەی قەهرەمانمهڕەش "پڕۆڤەیەک" بوو بۆ بوومەلەرزەکەی داهاتووی ئیستانبوڵ، بەپێی رۆژنامە تورکییەکە.
بەگوێرەی راپۆرتی روانگەی قەندلی دامەزراوەی توێژینەوەی بوومەلەرزەی زانکۆی بۆگازیچی، لە ئیستانبوڵ یەک ملیۆن و 164 هەزار باڵەخانە و چوار ملیۆن و 500 هەزار شوقە هەیە و بە تێکڕا3.3 کەس لە هەر شوقەیەکدا دەژین.
لە بوومەلەرزەیەکدا بە گوڕی 7.5 و سەرووتر، پێشبینی دەکرێت 13 هەزار باڵەخانە زیانیان پێ بگات، ههروهها 39 هەزار باڵەخانە زیانێکی زۆریان پێ بگات و 136 هەزار بیناش زیانێکی مامناوەندیان پێ بگات.
واتا ژمارەی ئەو شوقانەی کە پێشبینی دەکرێت لە بوومەلەرزەی 7.5 و سەرووتردا زیانێکی زۆریان بەربکەوێت زیاتر لە 211 هەزار شوقەیە.
ئەم هەواڵە 157جار خوێندراوەتەوە |