ZNA-هەولێر بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 19ـی شوباتی 2023، وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "کاژێر 00:22 ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردووەتەسەر بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراو و، چەند ناوچەیەک لە دیمەشق و دەوروبەری، لەنێویدا گەڕەکی نیشتەجێبوونیان کردووەتە ئامانج".
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا نامۆ نین، بەڵام ئیسرائیل بە دەگمەن نێوجەرگەی پایتەخت دەکاتە ئامانج.
هێرشەکەی ئەمجارە گەڕەکی کەفر سووسەی "بە مووشەک" کردە ئامانج کە شوێنی نیشتەجێبوونی بەرپرسە باڵاکانی سووریا و بنکەی هێزە ئەمنییەکان و هەواڵگریی وڵاتەکەیە.
وەزارەتی بەرگریی سووریا سەرەتا رایگەیاند لە هێرشەکەدا پێنج کەس، لەنێویدا سەربازێک کوژراون و 15 کەسی دیکەی سڤیلیش بریندار بوون.
سەرچاوە خۆجێییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە هێرشەکە نزیک ناوەندێکی کولتووریی ئێرانی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا 15 کەس کە سڤیلیان لەنێودایە، کوژراون.
چەند دیمەنێک لەلایەن تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریاوە بڵاوکرانەوە کە تێیدا دەردەکەوێت باڵەخانەیەکی 10 نهۆمی کراوەتە ئامانج و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. جگە لەوەش، بەهۆی هێرشەکەوە، زیان بەر باڵەخانەکانی دیکەی نزیک شوێنی هێرشەکە کەوتووە.
ئەم هێرشە مانگێک دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشقی مووشەکباران کرد و لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا کە دووانیان سەرباز بوون.
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2011 شەڕی نێوخۆیی سووریا دەستیپێکردووە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتەسەر سووریا کە بە زۆریش هێزەکانی حکومەتی سووریا و حیزبوڵلای نزیک لە ئێران دەکاتە ئامانج.
ئیسرائیل ئەوە ناشارێتەوە کە هێرشی لەوجۆرەی کردووەتەسەر سووریا و دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ ئەوەیە هەژموونی ئێران لەو وڵاتە کەمبکاتەوە.
ئەم هەواڵە 223جار خوێندراوەتەوە |