ZNA-هەولێر
سەرۆک وەزیرانی عێراق پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2023 "بەمنزیکانە" راگەیاند.
محەمەد شیاع سوودانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نیشتیمان و خەڵک کە لە کەناڵی ئەلعێراقییە پەخشدەکرێت دووپاتی کردەوە لەماوەیەکی نزیکی داهاتوودا پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی پەسەند دەکرێت.
قسەکانی سوودانی دوای ئەوە دێت، لە رۆژی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکانی کۆنگرەی ئاسایشی میونشن رێکار و چاکسازییەکانی کارنامەی حکومەتی ئێستای عێراقیان بۆ سەرکردەکانی جیهانیان خستووەتە ڕوو.
ئەوەشی بە گرنگ زانی کە وڵاتانی جیهان پشتیوانی لە چاکسازییە ئابووری و نەختینەیی و بانکیەکانیان دەکەن و ئەم چاکسازییانە بە زووترین کات کاریگرەییکەی دەگاتە هاوڵاتیان.
سوودانی چەند جارێک لە رابردوودا باسی لەوە کردووە، لە بودجەی ئەمساڵدا سەنج خراوەتە سەر کارکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژاری و رەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری.
لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا نرخی هەر 100 دۆلارێک بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە و نرخی هەر بەرمیلە نەوتێک لە نێوان 70 بۆ 71 دۆلار هەژمارکراوە.
.
ئەم هەواڵە 235جار خوێندراوەتەوە |