ZNA - ههولێر
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئاسایشی میونشن، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، پێویستە بە هەر نرخێک بێت، ڕێگری لە پەرەسەندنی ناوکی ئێران بکرێت.
بە گوتەی ئانالینا باربۆک، "هەوڵە دیپلۆماسییەکان" لەسەر ئەم بابەتە چڕبوونەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی "بە هەمان شێوە، ئێمە بە تەواوی هاودەنگی و پشتیوانی خۆمان بۆ ئەو ژن و پیاوانە دەردەبڕین کە لە ئێران ناڕەزایەتی دەردەبڕن بۆ دەستبەرکردنی ئازادی خۆیان.
وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن نیگەرانی خۆیان لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەربڕیوە.
چوار دیپلۆماتکاری باڵای وڵاتانی ڕۆژئاوا بە هاوبەشی جەختیان لە نیگەرانی خۆیان کردوەتەوە سەبارەت بە چڕ بوونەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و کەموکوڕییەکانیانی ئەو وڵاتە لە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا.
دانوستانەکانی نێوان ئێران و زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە مانگی 9ی ساڵی ڕابردووەوە گەیشتونەتە بنبەست.
وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ئاماژەدان بە داواکارییە زۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەروبەندی کۆتایی هاتنی دانوستانەکاندا و هەروەها سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە، دەڵێن ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لە داهاتوویەکی نزیکدا زەحمەتە.
مانگی ڕابردووش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕەخنەی لە کۆماری ئیسلامی ئێران گرت کە گۆڕانکارییەکی ڕانەگەیەندراوی لە پەیوەندی نێوان دوو ئامێری پێشکەوتووی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی فۆردۆدا کردووە.
voa
ئەم هەواڵە 217جار خوێندراوەتەوە |