ZNA-هەولێر نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 58 سەنت بەرزبووەوە و بە 83 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش 50 سەنت بەرزبووە و بە 76 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوت لە کاتێکدا ئەمڕۆ بەرزدەبێتەوە کە هەفتەی رابردوو بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوت و بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکا بە رێژەی 4٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی بوو.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە کە بە بڕی 26 ملیۆن بەرمیل نەوتی ستراتژیی خۆی لە بازاڕدا دەفرۆشێت.
بانکی ناوەندیی چین رایگەیاندووە کە پاڵپشتی لە کەرتی خانووبەرەی وڵاتەکەی دەکات و بەو هۆیەشەوە گەشبینی دروستبووە کە کەرتی خانووبەرەی ئەو وڵاتە خۆی دووربگرێت لە سستبوونەوە، ئەوەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بووژانەوەی ئابووریی چین دادەنێت.
تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (CMC Market) رایگەیاند، " پێشبینی دەکرێت خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لە ساڵی 2023 دا بگاتە بەرزترین ئاستی خۆی.
ئەم هەواڵە 160جار خوێندراوەتەوە |