ZNA-هەولێر نرخی زێڕ لە نزمترین ئاستەکانی لە ماوەی 5 هەفتەی رابردووی خۆیدا مامەڵەی پێوەکرا.
بازرگانانی زێڕ چاوەڕێی روونبوونەوەی زیاتری هەڵوێستی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سوودی بانکی لەلایەن بانکەکەوە.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە لە نێوان 1837 تاوەکو 1842 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
پێشبینی دەکرێت ئەگەر هاتوو نرخی زێڕ بتوانێت هێڵی بەرگریی 1845 دۆلار بشکێنێت، بتوانێت بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوەکانی و تاوەکو نزیکەی 1860 دۆلاریش بەرزبێتەوە. بەپێچەوانەوە ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی خۆی 1818 دۆلاریش هەیە کە رۆژی هەینی پێیگەیشت.
ئەم هەفتەیە بەیاننامەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر کۆبوونەوەی ئەم مانگەی بانکەکە بڵاودەبێتەوە.
هەروەها چەندین بەرپرسی بانکەکە بڕیارە رۆژی چوارشەممە گوتاری جیاواز و لێدوان لەو بارەیەوە بدەن کە کاریگەری لەسەر بازاڕی زێڕ دادەنێت.
تائێستا بەپرسانی بانکی ناوەندەیی ئەمریکا تۆنی دەنگیان بەرەو ئەو ئاراستەیە کە دەبێت بەردەوام بن لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بەمەبەستی کۆنترۆڵ کردنی هەڵاوسان.
رۆژی چوارشەممەی داهاتوو 22-2-2023 ، راڵف بۆستیک، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ئاتلانتا و لۆرێتا ماستەر، سەرۆکی بانکەکە لە کلیڤلاند وتاریان دەبێت. هەروەها بەیاننامەی بانکەکە بڕیارە رۆژی چوارشەممە بڵاوببێتەوە.
ئەم هەواڵە 157جار خوێندراوەتەوە |