ZNA - ههولێر
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێل جارێکی دیکە داوای لە ئێران کرد، بەپەلە هاریکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدا بکات.
جۆزێپ بۆڕێل لە هەژماری خۆی لە تویتەر باسی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کرد کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئەنجامیداوە.
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێل باسی لەوە کرد کە یەکێتیی ئەورووپا جارێکی دیکە جەختی لەسەر هەڵوێستی کردووەتەوە سەبارەت بە هەڵسوکەوتی ئێران و رایگەیاند: ''پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، پشتیوانیتان بۆ ئەو جەنگەی رووسیا کردوویەتییەوە و دەستبەسەرکردنی ناڕەوای هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەورووپا راگرن''.
جۆزێپ بۆڕێل هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە ئێران بەپەلە هاریکاری بکات لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.
ئێران لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا لە دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ، دەستی کردبوو بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی سەدا ٦٠.
ئەم هەواڵە 166جار خوێندراوەتەوە |