هەولێر : ZNA پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی لە سکۆتلاند چەند هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی ئاستی شەکری خوێن ئاشکرادەکات و رایدەگەیێنێت، هاوسەنگیی شەکری خوێن مەترسییەکانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک کەمدەکاتەوە، هاوکات ئەندامەکانیش لە پەککەوتن دەپارێزێت.
پاروڵ دۆب، پسپۆڕی تەندروستیی گشتیی لە زانکۆی گلاسگۆوی سکۆتلاند دەریدەخات، چەند هەنگاوێکی سادە دەتوانێت شەکری نێو خوێن بەبێ بەکارهێنانی دەرمان کەمبکاتەوە، هەروەها دەشڵێت: ''زۆر خواردنەوەی بڕی پێویست ئاوی رۆژانە رێگەیەکی سەرەکییە بۆ هاوسەنگکردن و دابەزینی ئاستی شەکری نێو خوێن.'
' پاروڵ دۆب دەڵێت: ''ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی وەکو بەپێ رۆیشتن بۆ ماوەی 30 خولەک یاخود هەزار هەنگاو لەرۆژێکدا دەشێت ئاستی شەکری خوێن داببەزێنێت و سووڕی خوێن چالاکبکات.
'' بە گوتەی پسپۆڕەکەی تەندروستیی گشتی، ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ریشاڵەکان وەکو 'سێو، پرتەقاڵ، مانگۆ، ئاڤۆگادۆ، سپێناخ و شۆفان' کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن ناکەن و دەشێت رۆژانە بایەخیان پێبدرێن. لەبارەی کەمکردنەوەی کاربۆهیدرات و شەکرەکان کە سەرچاوەی سەرەکیی بەرزبوونەوەی شەکری خوێنن، پاروڵ دۆب گوتی: ''تووشبووانی شەکرە دەبێت خۆراکەکانی وەکو 'نان، پاستە، برنج، پەتاتە، مەعکەرۆنی و بەرهەمە شیرینەمەنییەکان' نەخۆن یاخود زۆر کەمیان بکەنەوە
.'' گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ دوو هۆکارن کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر کردارە فیسیۆلۆژییەکانی جەستە دەکەن، پسپۆڕەکەی تەندروستیی گشتیش پشتڕاستی دەکاتەوە، کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی رێگەیەکی پێشگیریکردنە لە بەرزبوونەوەی شەکری خوێن
. لە کۆتاییدا پاروڵ دۆب رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات، لەدوای ژەمە خۆراکییەکان راستەوخۆ رانەکشێن، هەروەها لە ژەمەکانیاندا دووربکەونەوە لە خۆراکە خێرا و ئامادەکراوەکان یاخود ئەو خۆراکانەی رێژەیەکی زۆر لە شەکری دەستکردیان تێدا بەکارهاتووە، چونکە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە زیاددەکەن.
دامەزراوەی شەکرەی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، شێوازی ژیانی رێک و تەندروست وەکو چالاکیی جەستەیی و رێژیمی خۆراکی تەندروست دوو رێگەی سەرەکین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن بەتایبەت بۆ تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە.
ئەم هەواڵە 223جار خوێندراوەتەوە |