ZNA-هەولێر رۆژی سێشەممە 21-2-2023 ، بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا روونکردنەوەی زیاتر لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوویان سەبارەت بە چۆنییەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی داهاتوودا دەدەن، بەو هۆیەشەوە بازرگانان بە وریاییەوە لە بازاڕی کاڵا و کانزاکان مامەڵەکانیان ئەنجام دەدەن.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 65 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 83 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.بەپێچەوانەوە نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 78 سەنت بەرزبووەوە و بە 77 دۆلار و 12 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (CMC Market) رایگەیاند، "بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە و ئەمڕۆ گوشاری لەسەر نرخی نەوت داناوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ پاشەکشەی نرخەکان."
خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت لەمساڵدا پێشبینی دەکرێت بگاتە بەرزترین ئاستی خۆی. هەروەها خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن هیندستان کە بە سێیەم گەورە هاوردەکاری نەوت هەژماردەکرێت، بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ چاوەکان لە بازاڕە داراییەکان لەسەر لێدوان و گوتاری بەڕێوەبەرانی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە بۆ ئەوەی ئاراستەی بازاڕیان بۆ دەرکەوێت.
ئەم هەواڵە 154جار خوێندراوەتەوە |