ZNA-هەولێر نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەردەوامی دا بە دابەزینەکانی رۆژی دووشەممە. هەر ئۆنسەیەک زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە 1842 دۆلارەوە بۆ 1837 دۆلار دابەزی و بەوپێیەش بە رێژەی 0.3٪ بەهای خۆی لەدەستدا.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ رادەستکردنی لە مانگی چواری ئەمساڵدا بە 1846 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بازرگانانی زێڕ چاویان لە بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە بڕیارە ئەمڕۆ لە میانەی چەندین وتاردا روونکردنەوەی زیاتر لەسەر چۆنییەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بدەن.
هەفتەی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان و نرخەکانی بەکاربەر و نرخەکانی بەرهەمهێنەر، دەرکەوت کە هەڵاوسان هێشتا لە ئەمریکا لە ئاستێکی بەرزدایە.
بازرگانانی زێڕ نیگەرانن لەوەی کە بەردەوامی هەڵاوسان لە ئەمریکا بانکی ناوەندیی ئەمریکا ناچاربکات، لە چەند مانگی داهاتووشدا بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دابەزینی نرخی زێڕ.
ئەم هەواڵە 154جار خوێندراوەتەوە |