English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کۆریای باکوور دوو موشەکی بالیستی هه‌ڵدا
2023-02-21 [12:17 PM]

ZNA - هه‌ولێر


 

ڕۆژی دووشەممە کۆریای باکوور دوو موشەکی باڵیستیکی دیکەی هەڵدایە دەرەوەی کەناری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە، خوشکەکەی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئونیش وتی بەکارهێنانی دەریای پاسێفیک لەلایەن پیۆنگیانگەوە وەکو " گۆڕەپانێکی تەقەکردن " پەیوەست دەبێت بە ڕەفتاری هێزەکانی ئەمەریکاوە.

هەڵدانی موشەکەکان تەنها دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت کۆریای باکوور موشەکێکی باڵیستیکی کیشوەربڕی هەڵدایە دەرەوەی کەناری ڕۆژئاوای ژاپۆنەوە، ئەوەش وایکرد ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە مەشقی سەربازیی ئاسمانی هاوبەش بە جیا لەگەڵ کۆریای باشوور و ژاپۆندا ئەنجام بدات.

دەزگای هەواڵی کۆریای باکوور پشتڕاستی کردەوە دوو موشەک هەڵدراون و ئامانجەکانیان 395 کم و 337 کم دوور بوون.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وتی " موشەک هاوێژەری 600 ملم بۆ هەڵدانی موشەکەکان بەکارهێندراوە، ئەوەش ئامڕازێکە بۆ چەکی ئەتۆمی تاکتیکی و لە توانایدا هەیە بنکە ئاسمانییەکانی دوژمن پەکبخات."

وەزارەتی بەرگری ژاپۆن وتی دوو موشەکەکە گەیشتوونەتە بەرزایی نزیکەی 100 کم و 50 کیلۆمەترەوە، لە دەرەوەی ناوچەی ئابووری تایبەتی ژاپۆنیش کەوتوونەتە خوارەوە.

سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا وتی داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە سەبارەت بە تاقیکردنەوە موشەکییەکانی کۆریای باکوور، دەزگای هەواڵی جیجیش وتی بڕیارە کۆبوونەوەکە دواتر لە ڕۆژی دووشەممەدا بەڕێوەبچێت.

سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆریای باکوور بە توندی سەرکۆنەی هەڵدانی موشەکەکانی کرد و بە " کارێکی وروژێنەری مەترسیداری " ناوبرد کە دەبێت دەستبەجێ ڕابگیرێت.

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور سزای بەسەر چوار کەس و پێنج لایەنی کۆریای باکووردا سەپاند کە پەیوەندییان بە بەرنامەکانی چەکی کۆریای باکوورەوە هەیە، ئەوەش بەهۆی تاقیکردنەوەی موشەکە کیشوەبڕەکە و موشەکەکانی دیکەوە.

سەرکردایەتی ناوچەی ئیندۆ پاسێفیکی ئەمەریکا تیشکی خستە سەر " کاریگەرییە ناسەقامگیرکارەکەی " بەرنامە نایاساییەکانی چەکی کۆریای باکوور، هاوکات وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستێفان دوجاریک داوای لە پیۆنگیانگ کرد ئەو جۆرە کارە وروژێنەرانە ڕابگرێت کە بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش قەدەغە کراون، هەروەها داوای کرد دانوستانەکانی داماڵینی چەکی ئەتۆمی دەستپێبکاتەوە.

خوشکەکەی کیم جۆنگ ئون، کیم یۆ جۆنگ هۆشداریداوە دژی زیادبوونی بوونی هێزی ستراتیژی سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، ئەوەش دوابەدوای مەشقە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ژاپۆن و کۆریای باشووردا.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور لە زاری کیم یۆ جۆنگەوە بڵاویکردەوە " زیادبوونی بەکارهێنانی دەریای پاسێفیک وەکو گۆڕەپانێکی تەقەکردن پەیوەستە بە ڕەفتاری هێزەکانی ئەمەریکاوە."

 

voa





ئەم هەواڵە 202جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad