ZNA-هەولێر بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-2-2023، نرخی زێڕ کەمێک بەرزتر لە نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا مامەڵەی پێوەکرا و هەر ئۆنسەیەک بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە بۆ 1835 دۆلار.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ بە هەمان رێژە بەرزبووەوە و بە 1844 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
شەوی چوارشەممە کاژێر 10 بە کاتی هەولێر، بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆنووسی کۆبوونەوەی مانگی رابردووی خۆیان بڵاودەکەنەوە کە تێیدا سیاسەتی داهاتووی بانکەکە ئاشکرا دەکرێت.
بازرگانانی زێڕ چاوەڕێن بزانن کە ئایا بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەنیازە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان لە مانگەکانی داهاتوودا بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی یاخود سیاسەتی نەختی خاو دەکاتەوە.
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بەهای دۆلار زیاتر بەرزببێتەوە و بە زیانی نرخی کاڵا و کانزاکان دەشکێتەوە. بازرگانانی زێڕیش چاویان لە روونکردنەوەی زیاتری بانکی ناوەندیی ئەمریکایە سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرەتای مانگی داهاتوویان کە بڕیار لەسەر سوودی بانکی لەو وڵاتە دەدەن.
ئەم هەواڵە 223جار خوێندراوەتەوە |