ZNA-هەولێر نرخی نەوتی برێنت بۆ رادەستکردنی لە مانگی نیساندا لە دەوروبەری 83 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش بە 76 دۆلار و 29 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دانیەل هینس، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی ئۆسترالی نیوزیلاندی - ANZ لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی نەوت لەژێر گوشاردایە، دوای ئەوەی کە داتا لاوازە ئابوورییەکان لە وڵاتە گەشەسەندووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە خواست لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو کەمبێتەوە."
لەگەڵ ئەوەشدا گەشبینی بە بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن چین، گەورەترین هاوردەکاری نەوت لە جیهاندا، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی دابەزینی نرخی نەوت سنووردار بێت.
بانکی ANZ دەڵێت، کۆمپانیای پێترۆ چاینا و کۆمپانیای یۆنی پێک کە باڵی بازرگانی کۆمپانیای (سینۆپێک)ـی چینن و گەورەترین پاڵاوگەی ئاسیا بەڕێوەدەبەن، بۆ مانگی داهاتوو 10 کەشتیی زەبەلاحی نەوتیان بەکرێ گرتووە تاوەکو نەوت لە ئەمریکاوە هاوردەبکەن کە توانای هاوردەکردنی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەیە.
ئەم هەواڵە 166جار خوێندراوەتەوە |