ZNA -ههولێر
وەزیری دەرەوەی ئێران پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپاتکردەوە و دەڵێت، لەگەڵ عێراقدا خۆمان بە یەک گەل دەزانین.
لەکۆنگرەی رۆژنامەوانیدا، فوئاد حوسەین وەزیری دەرەوەی عێڕاق رایگەیاند، بەغدا بووەتە ناوەندێک بۆ جوڵەی دیپلۆماسی هەرێمی و نێودەوڵەتی و چەندان وەزیری دەرەوە سەردانی دەکەن و چەندانی دیکەش لە داهاتوودا دەچنە بەغدا و ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئێران گرنگە بۆ باسکردنی چەند بابەتێک لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات.
سەبارەت بە کۆبونەوەی نێوانیان وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: لەسەر چەند پرسێک وەک پاراستنی سنورەکان و کڕینی کارەبا و غازی ئێران کە لەلایەن ئەمریکاوە سزای لەسەرە و ئەنجامی سەردانیکردنی وەفدی بەغدا بۆ واشنتۆن باس کراوە و لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵات هەیە و حکومەتی عێراق چەندین رێکاری بۆ پاراستنی سنورەکانی گرتوەتەبەر.
سەبارەت بە لایەنی ئابووری فوئاد حوسێن جەختی لەوەکردووە، باسیان لە مافەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد بەو پێیەی کە عێراق کارەبا و غاز لە ئێران دەکڕێت و ئەو قسانەش بەشێک بووە لە گفتوگۆکانیان لە واشنتۆن لە سەردانەکەی هەفتەی پێشوو بۆ کڕینی غاز و کارەبا لە ئێران چونکە سزای ئەمریکای لەسەرە.
هاوکات حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەکەدا دووپاتی کردەوە، "گەلی ئێران و عێراق یەک گەلن لە دوو وڵاتی سەربەخۆدا و دەمانەوێت عێراق سەربەخۆ و ئارام بێت و پشتیوانی بەهێزی حکومەتی عێراق دەکەین".
سەبارەت بە گروپە چەکدارەکان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق ڕێگری لە جموجوڵی گروپە چەکدارەکان بکات لە سنورەکان و بەردەوام دەبین لە ڕووبەروبونەوەی گروپە چەکدارەکان لە هەرێمی کوردستان
ئەم هەواڵە 250جار خوێندراوەتەوە |