ZNA-هەولێر بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-02-2023 نرخی زێڕ بڕێک لە زیانەکانی رۆژی رابردووی خۆی قەرەبوو کردەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1827 دۆلار مامەڵەی پیوە کرا.
رۆژی چوارشەممە دوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا سەبارەت بە کۆبوونەوەی مانگی رابردووی بانکەکە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ ئاستی 1821 دۆلار.
هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە کە بەیاننامەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بووە هۆکار بۆئەوەی بەهای دۆلار بەرز ببێتەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا.
بەیاننامەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کە زۆرینەی ئەندامی ئەو لیژنەیەی بڕیار لەسەر سیاسەتی نەختیی بانکەکە دەدەن پێیانوایە پێویستە بەردەوام بن لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە چەند مانگی داهاتوودا بۆئەوەی بتوانن رێژەی هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکەن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، تەنانەت چەند ئەندامی لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا پێیانوابووە مانگی رابردوو کە رێژەی سوودی بانکییان 0.25% بەرزکردەوە، دەبوایە 0.50% سوودی بانکی بەرز بکرابایەوە بۆئەوەی کاریگەی لەسەر دابەزاندنی هەڵاوسان هەبوایە.
لە کاتێکدا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1824 تاوەکو 1827 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، لە گرێبەستەکانی داهاتوودا نرخی زێر بە 1832 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەم هەواڵە 178جار خوێندراوەتەوە |