ZNA - هەولێر
کۆمسیۆنی پەنابەریی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی یەک ملیۆن داوای مافی پەنابەری بۆ وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە تۆمار کراوە و ئەمەش لەو کاتەوەی قەیرانی کۆچبەری لە ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦ ڕوویدا، ژمارەیەکی بێوێنەیە.
لە ڕاپۆرتی چوارشەممەی ئەم کۆمسیۆنەدا هاتووە لە ساڵی ڕابردوودا 996 هەزار داواکاری پەنابەری پێشکەش بە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و هەروەها نەرویج و سویسرا کراوە کە بە بەراورد بە ساڵی 2021 نزیکەی 50% زیادی کردووە.
دوای زیاتر لە دە ساڵ لە شەڕ و داڕمانی ئابووری لە سووریا، هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە بە زیاتر لە 130 هەزار داواکارییەوە هێشتا لە سەرووی ریزبەندیی ئەو ئەو هاووڵاتایانەن داوای مافی پەنابەری لە ئەوروپا دەکەن. ئەفغانییەکان کە دوای ئەوەی تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١دا دەستی بەسەر وڵاتیان داگرت، ڕووبەڕووی کێشەی ئەمنی و مرۆیی و دارایی زیاتر دەبنەوە، بە ١٢٩ هەزار داوای مافی پەنابەری لە پلەی دووەمدان.
لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٥ هەزار هاووڵاتیی تورکیا داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا کردووە و ئەم ژمارەیەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ دوو هێندە زیادی کردووە. بەگوێرەی ئاماری دەزگای پەنابەری یەکێتیی ئەورووپا، زیادبوونی ژمارەی پەناخوازانی تورکیا زیاتر بۆ بازدانی ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا و هەروەها "پاشکەوتنی دیموکراسی" لەم وڵاتەدا دەگەڕێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دوایین ڕاپۆرتی بەشی ئاماری کۆمیسیۆنی ئەوروپا (یورۆستات) ئاماژە بەوە دەکات لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٢١ هەزار ئێرانی داوای مافی پەنابەرییان بۆ یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا کردووە.
ئەم هەواڵە 196جار خوێندراوەتەوە |