ZNA - ههولێر
لە هێرشێکی درۆنیدا کە دەگوترێت رۆژی هەینی لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشەوە ئەنجامدراوە، دوو چەکداری سەر بە رێکخراوی قاعیدە لە سووریا کوژران.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دوو چەکدارەکە لە کاتی رۆیشتنیان بە ماتۆڕسیکلێک لە نزیک گوندی قاهـ لە پارێزگای ئیدلب کە کە دەکەوێتە نزیک سنووری تورکیا، بوونەتە ئامانجی مووشەکی درۆنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی دەستبەجێ لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی یان سوپای ئەمریکا کە سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکە دەکات، لەبارەی هێرشەکەوە نەبوو.
هاوکات بەرگریی شارستانیی سووریا ناسراو بە کڵاو سپییەکان باسی لەوە کردووە، کارمەندەکانی ئاگرێکیان کوژاندووەتەوە کە لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی کەوتبووەوە؛ ئاماژەی بەوەش کردووە، "دوو کەسی نەناسراو" کوژراون کە یەکێکیان عێراقی بووە.
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، دوو چەکدارەکە سەر بە رێکخراوی "حوراسوددینن" کە لە دەستەی تەحریری شام جیابووەتەوە. تەحریری شام پێشتر بە بەرەی نوسرە دەناسرا و لقێک بوو لە قاعیدە، دوایین پێگەیان کە بەدەستەوە ماوە، شاری ئیدلبە.
رووداو
ئەم هەواڵە 139جار خوێندراوەتەوە |