English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مامۆستایه‌كی زانكۆ: پێویسته‌ هەرێم لەگەڵ به‌غدا باس له‌ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی فیدرالی بکات
2023-02-26 [12:35 PM]

ZNA - هه‌ولێر


 

مامۆستایەکی کۆلێجی یاسا و زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سۆران وتی، پێویستە حکوومەتی هەرێم لە لایەک لە میانەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی باس له‌ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی فیدرالی بکات، وتیشی، گرنگیی دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنە دەستوورییە بۆ کورد لەوەدایە کە دەتوانێت ڕێگە لە حوکمی زۆرینە بگرێت و باڵانسێک لە نێوان کەمینە و زۆرینەدا دروست بکات.

د. سانع شەریف، مامۆستای کۆلێجی یاسا و زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سۆران، ڕایگەیاند: ''فیدراڵی جۆرە سیستەمێکی سیاسییە کە دەسەڵاتەکان لە ڕێگەی دەستوورەوە لە نێوان حکوومەتێکی ناوەندی و حکوومەتی هەرێمەکان، یاخود یەکەیەکی حکوومەتێکی بچووکتردا دابەش دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو حکوومەت لە سەروەریدا هاوبەشن و پشت بە یەکتر دەبەستن، دەتوانین بڵێین نە حکوومەتێکی ناوەندیی زۆر بەهێز و نە حکوومەتی هەرێمێکی زۆر لاواز، دەوڵەتی عێراقیش یەکێکە لەو دەڵەتانەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست کە سیستەمە سیاسییەکەی فیدراڵییە، لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی سیستەمی فیدراڵی بریتییە لە ئیدارەدانی تەواوی سێکتەرەکانی دەوڵەت بە هاوبەشی لە چوارچێوەی دەستووردا، بۆیە ئەگەر فیدراڵیزم وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت لەلایەن حکوومەتەکانی عێراقەوە، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر دەبن.

باسی له‌وه‌ش كرد، ئەگەر لە ڕووی پراکتیکییەوە سەیری سیستەمی فیدراڵیی عێراق بکەین کێشەی زۆری تێدایە، یان وەکوو خۆی جێبەجێ نەکراوە، وەک لە دەستوورەکەیدا هاتووە، بۆ نموونە، ماددەی ٤٨ی دەستوور جەخت دەکاتەوە کە دەسەڵاتی یاسادانان لە (ئەنجومەنی نوێنەران) و (ئەنجومەنی فیدراڵی) پێک دێت، کە دەزگایەکی دەستوورییە، لە تەک ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، تا ئێستا ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکراوە و کاری پێ ناکرێت، چونکە تەنها ئەنجومەنی نوێنەرانمان هەیە، لە کاتێکدا دەبووایا ئەنجومەنی فیدراڵییش دامەزرابا. میکانیزمەکانی ئەم ئەنجومەنە وەک لە ماددەی ٦٥ی دەستووردا هاتووو، “ئەنجومەنێکی یاسادانان پێک دەهێنرێت کە بە (ئەنجومەنی فیدراڵی) ناو دەبرێت، نوێنەرانی هەرێم و ئەو پارێزگایانە لەخۆ دەگرێت کە ناکەونە سنووری هیچ هەرێمێکەوە، پێکهاتە و مەرجەکانی ئەندامێتی و بواری تایبەتمەندێتیی ئەم ئەنجومەنە و هەرچی پەیوەندیدارە بەم بوارەوە بە یاسا ڕێک دەخرێت بە زۆرینەی دوو لە سێی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران. واتە دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنە پێوستی بە یاسایەکە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە حکوومەتی هەرێم لە لایەک لە میانەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ئەم بابەتە باس بکات، لە لایەکی دیکەشەوە، نوێنەرانی کورد بۆ ئەم مەبەستە لە پەرلەمانی عێراق ڕۆڵی کاریگەر بگێڕن”.

دکتۆر سانع هەروەها گوتی: “گرنگیی دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنە دەستوورییە بۆ کورد لەوەدایە کە دەتوانێت ڕێگە لە حوکمی زۆرینە بگرێت و باڵانسێک لە نێوان کەمینە و زۆرینەدا دروست بکات، زیاتر لەمەش، کورد دەتوانێت ڕێگری لە هەر یاسایەک بکات کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان، یان بە مانایەکی تر هەرێمەکان و پارێزگان مافی ڤیتۆیان دەبێت، هاوشێوەی ئەو وڵاتانەی کە ئەم ئەنجومەنانەیان هەیە، وەک ئوردن و کەنەدا و ئەمەریکا. جگە لەمەش، بوونی ئەم ئەنجومەنە وا دەکات کورد ڕێگە لە حکوومەتێکی مەرکەزیی نوغرۆ لە ھاوکێشە ئیقلیمییە ئاڵۆزەکان بگرێت کە بوونەتە کێشەی سەرەکی بۆ سەرچاوەی وزە، بەتایبەت گازی سروشتی، تەنانەت دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە.''

 

KDP.info





ئەم هەواڵە 226جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad