ZNA-هەولێر لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلەی رێختەر روویدا.
بەگوێرەی ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد، کاژێر 05:51 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 27ی شووباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی سەرێگۆلان سەر بە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان لە قووڵایی 8.51 کیلۆمەتر تۆمار کراوە.
بوومەلەرزەکەی سەرێگۆلان لە شارەکانی دەوروبەریشی هەستی پێکراوە.
دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی مەرەش لە 6ی شووباتدا کە لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 44 هەزار کەس، پاشلەرزەکان بەردەوامن.
تائێستا زیاتر لە 10 هەزار پاشلەرزە تۆمار کراون کە گەورەترینیان بە گوڕی 6.4 پلەی رێختەر لە پارێزگای هاتای تۆمار کرا.
ئەم هەواڵە 187جار خوێندراوەتەوە |