ZNA-هەولێر دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینی، بەڵام کەمکردنەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن رووسیاوە بووە پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور نزیکەی 4 سەنت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بە 83 دۆلار و 14 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بە هەمان شێواز نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 4 سەنت بەرزبووەوە و بە 76 دۆلار و 36 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
حکومەتی رووسیا بڕیاری داوە قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی خۆی لە بەندەرە ئەوروپییەکان بەرێژەی 25٪ کەمبکاتەوە، ئەمە بووەتە هۆکار پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت دروستبێت.
لەلایەکی دیکەوە گوشار لە سەر نرخەکانی نەوت بەهۆی ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا دروستبووە، بەوپێیەی کە بەهای دۆلاری بەرزکردووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا.
ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا رایگەیاند، " نرخی نەوت بە ئەگەری زۆرەوە لە بازنەیەکی دیاریکراودا بە جێگیری دەمێنێتەوە هێندە گۆڕانکاری بەخۆیەوە نابینێت تا ئەو کاتەی ئەنجامی کرانەوەی ئابووریی چین دەرنەکەویت، یاخود وێنەیەکی روون ترمان لە بەردەست نەبێت لەوەی کە ئابووریی ئەمریکا بە چ شێوازێک لەمساڵدا بەردەوام دەبێت. ئایا رووبەڕووی سستبوونەوە دەبێتە بەهۆی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی یان خۆی لە سستبوونەوە دەرباز دەکات."
ئەم هەواڵە 106جار خوێندراوەتەوە |