ZNA_ هەولێر وەزیری دارایی عێراق بڕیاری لەسەر زیادکردنی ژمارەیەک شوێنی دیکە لە بەغدا و پارێزگاکاندا بۆ فرۆشتنی دۆلار بە بەهای دیاریکراو لەلایەن بانکی ناوەندی. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەڵێت: "دەبێت ئاسانکاریی دیکە بکرێت ئەگەر عێراق بیەوێت بەهای دینار بەرزبکاتەوە."
رۆژی دووشەممە 27-2-2023، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق سەردانی بانکەکانی رافیدەین و رەشیدی کرد و ژمارەیەک داواکاریی لە بەڕێوەبەران و بەرپرسانی ئەو دوو بانکە کرد؛ لەنێویاندا بەپێویستی زانی پڕۆژەکانی نوێکردنەوەی سیستمە بانکییەکان تەواوبکرێت و پشت بە شێوازی نوێی پێشکەوتوو ببەسترێت لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە بانکییەکان، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە خاڵەکانی فرۆشتنەوە (point of sale)ەوە هەیە، جگە لە ئاسانکارییەکانی دیکە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، وەزیری دارایی جەختی لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی قۆناخەکانی سیستمی بانکیی تەواو لەگەڵ "کۆمپانیای ئەرنست وێنگ"، لەڕووی بنکەی داتا و سێرڤەرەکان و رێککەوتن لەسەر گرێبەستی چاککردنەوە و کارپێکردن و راهێنان و سەرجەم رێوشوێنەکانی دیکە کردووەتەوە، کە دەبنە هۆکاری سەرخستنی پڕۆژەکە.
هاوکات ئەو وەزیرە بەپێویستی زانیوە مەرجەکانی پشتبەستن بە سیستمی نوێکردنەوەی کارگێڕیی دارایی گشتی لەگەڵ هەردوو بانکە حکومییەکە تەواو بکرێت، کە ژینگەیەکی ئاسایش و تەواو بۆ گواستنەوەی ئاسایشانەی زانیارییەکان لەنێوان وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان و بانک و دامەزراوە داراییەکان دەڕەخسێنێت.
تەیف سامی بڕیاریداوە بە زیادکردنی دەروازەکانی فرۆشتنی دۆلاری ئەمریکی بە نرخی فەرمیی جێگیرکراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە لە رێگەی لقەکانییان لە بەغدا و پارێزگاکانەوە، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی دۆلار لەلایەن خەڵکەوە بکرێت و قەرەباڵخی نەهێڵدرێت.
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دابەزینی بەرچاوی بەهای دیناری عێراقی، رۆژی 07-02-2023 نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسندکرد، بەوەی دەستکاریی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی بکرێت، بە شێوەیەک 100 دۆلار دەبێتە 130 هەزار دینار."
ئەم هەواڵە 157جار خوێندراوەتەوە |