ZNA-هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە، 28-2-2023، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 82 دۆلار و 21 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسیش بەرمیلی بە 75 دۆلار و 92 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی بەرهەمهێنان لە ئەمریکا کە نیگەرانی لەلای بازرگانان دروستکردبوو بەوەی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە سوودی بانکی زیاتر بەرزدەکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە وا چاوەڕوان دەکرێت کە ئابووریی چین لە ئەمساڵدا ببووژێتەوە و ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماربکات لە هاوردەکردنی نەوت، بەڵام بازاڕی نەوت هێشتا دوودڵە لە کاتی ئەو بووژانەوە ئابوورییە لە چین، ئەوەش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەبێت.
گەورەترین ترسی بازاڕی نەوتیش بەرزکردنەوەی سوودی بانکییە لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە تاوەکو رێگە لە بەرزبوونەوەی زیاتری رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکە بگرێت کە ئێستا بە رێژەیەکی زیاتر بەرزبووەتەوە لەوەی چاوەڕوان دەکرا.
شرۆڤەکارانی بانکی ANZ لە تێبینییەکدا بۆ هاوبەشانیان ئاماژەیان بەوە کردووە، بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان زیاتر لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا، "نیگەرانی لە زیادکردنی سوودی بانکی دروستکردووە کە ئێستا خواستی بۆ نەوت لە وڵاتەکە سنووردارکردووە."
ئەم هەواڵە 106جار خوێندراوەتەوە |