ZNA : هەولێر توێژینەوەیەکی بەریتانی دەریدەخات، شەربەتی چەوەندەر یەکێکە لەو گیراوە کاریگەرانەی کە ماسوولکەکان بەهێزدەکات و هێزێکی زۆر بە وەرزشڤانان دەدات لەکاتی ئەنجامدانی راهێنانە وەرزشییە قورسەکان
. زانکۆی ئێكسیتەر لە بەریتانیا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستیی ئەمریکا رایدەگەیێنن، بەهۆی بوونی مادەی نایترەیت، شەربەتی چەوەندەر کاریگەریی
ئەرێنی لەسەر بەهێزبوون و گەورەبوونی قەبارەی ماسوولکەکان دروستدەکات و هێزێکی زۆر بە وەرزشڤانان دەبەخشێت
. بەشداربووانی توێژینەوەکە بۆ دوو گرووپ دابەشکران، گرووپێک پێش راهێنانی وەرزشی نیو پەرداخ شەربەتی چەوەندەریان دەخواردەوە و گرووپەکەی دیکە جۆری دیکەی شەربەتی رووەکیان دەخواردەوە، دەرکەوت ئەوانەی شەربەتی چەوەندەریان خواردووە وزەیەکی زیاتر و توانایەکی باشتریان بۆ راهێنان و چالاکییە وەرزشییەکان هەبووە، بەجۆرێک 7٪ کاریگەریی لەسەر قەبارەی ماسوولکەکان و هێزی وەرزشڤانان دروستکردووە
. ئاندی جۆنس، پسپۆڕی فیسیۆلۆژی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''توێژینەوەکەمان سوودێکی دیکەی مادەی نایترەیت ئاشکرادەکات کە بۆ وەرزشڤانان گرنگی و تایبەتمەندی هەیە،'' هەروەها سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە چەند سوودێکی مادەی
نایترەیت رووندەکاتەوە و دەڵێت: پارێزگاریکردن لە خانەکانی خوێن مەیین، کەمکردنەوەی پەستانی خوێن و پاراستنی دیواری لوولەکانی خوێن لە فەرمانە سەرەکییەکانی مادەکەن
. بە گوتەی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رێژەی نایترەیتی نێو چەوەندەر یارمەتیی فراوانبوونی خوێنبەرەکان دەدات و ئاستی گەیشتنی ئۆکسجین بە ماسوولکەکان زیاددەکات، سەرئەنجام هێزێكی زۆر و قەبارەیەکی گەورەتر بە ماسوولکەکان دەبەخشێت
. د. باڕبارا پیکنۆڤا، پسپۆڕی خۆراک لە پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی ئەمریکا چەند خۆراکێکی دەوڵەمەند بە مادەی نایترەیت دەخاتەڕوو و دەڵێت: خۆراکەکانی وەکو 'سپێناخ، گێزەر، کاهوو، پەتاتە و چەوەندەر' بڕێکی زۆر لە مادەی نایترەیتیان تێدایە، هەروەها ناوەندی مایۆکلینیکی پزیشکی رایدەگەیێنێت، چەوەندەر سووڕی خوێن چالاکدەکات و یارمەتیی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن دەدات، بەمەش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و گیرانی خوێنبەرەکان کەمدەکاتەوە.
ئەم هەواڵە 163جار خوێندراوەتەوە |