هەولێر : ZNA زۆر كەس بۆ دابەزینی كێش و گەیشتن بەو جەستەیەی دەیانەوێت چاودێری خۆراكیان دەكەن و وەرزش دەكەن، بەڵام دەبینن كێشیان دانابەزێت و ئەو هەوڵەی دەیدەن ئەنجامەكەی وەكو ئەوە نییە كە چاوڕێیان كردووە، بۆیە پسپۆرانی خۆراك و تەندروستی باس لەوە دەكەن هەندێ هۆكار هەیە وادەكات پڕۆسەی لەدەستدانی كێش و لاوازبوون خاوبكاتەوە، لەپێش هەموو شێتێكیشەوە دەبێت بزانین پێویستی مرۆڤ بۆ خۆراك و ئەو رێژەی كالۆرییەی رۆژانە پێویستێتی بەپێی تەمەن و رەگەزو باڵاو كێش دەگۆڕێت، لەو بارەیەوە پێگەی health line شەش هەڵە دەخاتەڕوو كە لەكاتی پەیڕەوكردنی سیستەمی خۆراكی و هەوڵدان بۆ لەدەستدانی كێش دەیكەین.
هەڵە باوەكان
... 1. كەمكردنەوەی رێژەی كالۆری بەشێوەیەكی زیاد لەپێویست وادەكات ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت، بۆیە ئەگەر چاودێری ئەو رێژەی كالۆرییە دەكەیت كە دەیخۆیت نابێت لە (25%) زیاتر لە رێژەی جارانی خۆت كەمتری بكەیتەوە، چونكە زیان بە تەندروستیت دەگەیەنێت
. 2. فەرامۆشكردنی پڕۆتین زیان بە جەستە دەگەیەنێت، بۆیە كەمكردنەوەی كالۆری نابێت وا بكات ئەو پێكهاتە خۆراكییانەی پێویستن بۆ جەستە نەیخۆیت، دواجار كار لە پرۆسەی سووتاندنی چەوری و وزە دەكات لە جەستەدا
. 3. كەم جووڵەیی و دانیشتن بە درێژایی رۆژ وادەكات كرداری گۆڕینی خۆراك بۆ وزە میتاپۆلیزم خاوبێتەوە
. 4. نەخەوتن بەپێی پێویست كار لە جەستە دەكات و كەم خەوی كرداری گۆڕینی خۆراك بۆ وزە خاودەكاتەوە
. 5. خواردنەوەی شلەمەنی شیرین و پڕ لە شەكر كاریگەری خراپی لەسەر پڕۆسەی خۆ لاوازكردن هەیە
. 6. نەكردنی راهێنانی جەستەیی ئەوەی ماسولكە دروست دەكات و تەنیا پشت بەستن بەو راهێنانانەی وزە دەسووتێنن، پسپۆران جەخت لەوە دەكەنەوە زیادكردنی ماسولكە لە جەستەدا یارمەتیت دەدات چەوری و وزەی زیاتر بسووتێنیت.
ئەم هەواڵە 169جار خوێندراوەتەوە |