|
ههولێر (zna)
لە گەلەری پانۆراما لە تۆماشۆڤیچ پێشانگای "هونەری بێ سنور" کرایەوە و پانێڵێک بۆ گفتوگۆ دەربارەی بارو دۆخی پەنابەرانی سنوری بێلاڕووسیا بەڕێوەچوو, کە لەلایەن دامەزراوەی “ڤۆڵنۆ نام” و ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان لە شاری کراکۆڤ و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا زیاد ڕەئوف ڕێکخرابوو.
سەرەتای دەستپێکی پێشانگاکە بە پێشکەش کردنی ووتاری هەریەک لە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاد ڕەئوف و سەڕۆکی ئەکادمیای هونەرە جوانەکان لە شاری کراکۆڤ پڕۆفیسۆر ئەندژێی بێدنارچیک و سەرۆکی دامەزراوەی 'ڤۆڵنۆ نام' خاتوو ئاگاتا کلوچێڤسکا و کۆرێتەری پێشانگا خاتوو مۆنیکا ڤانیورا کورۆسات دەستی پێ کرد.
لە پێشانگاکە 52 کاری هونەری نیمایش کراون کە بەرهەمی 15 هونەرمەندی پەنابەر لە کوردستان و عیراق و کۆنگۆ و کوبا سنوریان بەزاندبوو وە لە کەمپە داخراوەکانی پۆلۆنیا و لیتوانیا دەست بەسەر بوون. کارە هونەریەکانیان جۆراوجۆرن وەکو تابلۆ و کۆلاژ و فۆتۆگرافی و پۆستەر و ڤیدیۆ.
شایەنی باسە بەرهەمەکانیان چارەنووسی سەخت و بە ئازاری ئەو کەسانە دەردەخەن کە ناچارن زێدی خۆیان بەجێبهێڵن و دەست بکەن بە گەشتە مەترسیدارەکان بۆ ئەوروپا و بەسەربردنی ژیانی تەنیایی لە کەمپە داخراوەکان.
پاش کردنەوەی پێشانگاکە پانێلێکی گفتوگۆ دەربارەی قەیرانی پەنابەران لەسەر سنوری بێلاڕووس بەڕێوەچوو بە بەشداری کردنی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا و سەرۆکی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان لە شاری کراکۆڤ و سەرۆکی دامەزراوەی 'ڤۆڵنۆ نام' و ئەکتەری ناسراوی پۆلۆنی کە چالاکە لە یارمەتیدانی پەنابەران خاتوو مایا ئۆستاشێڤسکا لە لایەن خۆیەوە لێدوانێکی بۆ بەشداربووانی چالاکییەکە تۆمار کرد بوو, هەروەها کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و چالاکوان کە لە سەرەتای دەست پێکردنی قەیرانی پەنابەرانەوە لەسەر سنوری بێلاڕووس هاوکاری پەنابەران دەکەن.
لە میانی گفتوگۆکە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاد ڕەئوف ووتاری خۆی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەهۆکارەکانی کۆچکردن لەو ووڵاتانەوە بۆ ئەوروپا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تاکە ڕێگا بۆ کەمکردنەوەی کۆچکردن لەو ووڵاتانەوە بۆ ئەوروپا چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی هۆیەکانی کۆچ کردنە بە تایبەتی شەڕ و ئاژاوە و کێشە ئابورییەکان و کێشەکانی ژینگە, وە لەو بوارەوە ووڵاتە پێشکەوتووەکانی ئەوروپا و جیهان دەتوانن و ئەرکیشیانە کە کاریگەرییەکی ئەرێنیان هەبێت.
- ئەم پێشانگایە کراوە دەبێت تا ڕێکەوتی 8/3/2023 لە تۆماشۆڤیچ.
ئەم هەواڵە 436جار خوێندراوەتەوە |