English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پۆستەری به‌ڵگه‌فیلمی "دەروازەی خەونەکان" بە وێنەیه‌ک له‌ کچانی جەنگاوەری کۆبانێ
2023-02-15 [09:38 AM]

تاران – ZNA


مەنسوور جیهانی


پۆستەری ئینگلیزیی به‌ڵگه‌فیلمی سینه‌مایی دۆکیۆمێنتاری "دەروازەی خەونەکان" لە دەرهێنانی "نێگین ئەحمەدی" و له‌ بەرهەمهێنانی "ئیلاهه‌ نه‌وبەخت" هاوکات لەگەڵ به‌شداری له‌ بەشی رکابه‌ریی "نەوەکان"ی حەفتا و سێهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەرلین" لە وڵاتی ئەڵمانیا پەردەی لەسەر لادرا.

بەڵگەفیلمی سینەمایی "دەروازەی خەونەکان" (دروازە رویاها) لە دەرهێنانی سینەماکاری پاوەیی "نگین ئەحمەدی" و لە بەرهەمهێنانی خاتوو "ئیلاهە نەوبەخت" لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "نەوەکان" Generations لە حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەرلینالە" لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایش دەکرێت و بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئەم بەشە، لەگەڵ بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان رکابەری دەکات.

پۆستەری ئینگلیزیی "دەروازەی خەونەکان" به‌ وێنەیه‌ک له‌ کچانی جەنگاوەری کۆبانێ لە خه‌بات دژی تاقمی تیرۆریستی داعش؛ لە لایەن "ئیحسان بەرئابادی" بۆ بەشداری کردن لە بەرلیناله‌ دیزاین و داڕشتنی بۆ کراوە و بە ئامانجی ئاشناکردنی بینەران و به‌رده‌نگه‌کان له‌گه‌ڵ ئەم به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ بڵاوکراوەتەوە.

ئەم فیلمە کە بەرهەمهێنانەکەی زیاتر لە شەش ساڵی کات خایاندووە، چیرۆکی کچێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە بە دوای بەشێک لە شووناسی خۆیەوە بە کامێڕاکەی دەچێتە ناو کچە شەڕڤانەکانی کۆبانییەوە؛ کچانێک کە نە تەنیا لەگەڵ داعش، بەڵکوو بۆ جیهانی خۆیانیش شۆڕشیان کردووە.

ئەمجارە، خودی فیلمساز و کامێڕاکەی هاوڕێی دەبن لە رووبەڕوبوونەوە لەگەڵ جیهانی دەورووبەری ژنانی خەباتکار و ئەو بایخانەی کە شەڕی بۆ دەکەن.

بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە بەڵگەفیلمە سینەماییە، لە ئەستۆی ڕێکخراوەی سینەمایی "تەسویر گوستەر ئیلاهەی پارسی" (ئیلی ئیمەیج) بە بەرپرسیارییەتی خاتوو ئیلاهە نەوبەختە.

ئەمە سێیەمین ئامادەبوونی "ئیلاهە نەوبەخت" وەکوو بەرهەمهێنەر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەرلین" دێتەئەژمار؛ ساڵی پاریش ئەو بە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی "ڕۆژی سێو" لە دەرهێنانی "مەحموود غەفاری" لە "بەرلینالە" ئامادەبوو.

حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕلین" بە بەرپرسیاری ماریتێ ریسێنبێک و بە دەرهێنانی هونەری "کاڕلۆ چاتریان" لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی "سەرەکی"، بەشی پێشبڕکێی "نەوەکان" ، بەشی پێشبڕکێی "فۆڕم"، بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم"، بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلم" و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی "پانۆڕاما"، بەشی "نمایشی تایبەت"، بەشی "نمایشی سینەمای کلاسیک" و ... لە رۆژانی 16 تا 26ی شوباتی 2023 لە شاری بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
 





ئەم هەواڵە 142جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad