هەولێر- ZNA
دادگای فیدراڵی عێراق بڕگەیەکی یاسای پاسپۆرتی هەڵوەشاندەوە، کە ئەگەر کەسێک پاسپۆرتەکەی ونبکردایە، نەیدەتوانی تا سێ مانگ پاسپۆرتی تازە دەربهێنێتەوە.
بەپێی راگەیاندراوەکەی دادگای فیدراڵی، لە ماددەی 4 بڕگەی 10 لە یاسای پاسپۆرتدا هاتووە، ئەو کەسانەی بە هەر هۆکارێک پاسپۆرتەکانیان ون دەکەن و لەلایەن دادگاوە دووبارە مامەڵەی وەرگرتنی پاسپۆرتی نوێ ئەنجام دەدەن، تاوەکو سێ مانگ مافی وەرگرتنی پاسپۆرتی نوێیان نابێت.
لە ئێشتاشدا بەپێی بڕیارە نوێکەی دادگای فیدراڵی، ئەو ماددەیە هەڵوەشاوەتەوە، بەو پێیەی ماددەکە پێچەوانەی مادەی 44ى دەستووری 2005ى عێراقە و کاری پێناکرێت.
هەروەها بەپێی برگەی یەکەمی هەمان ماددە، ئەگەر هاوڵاتییەک پاسپۆرتەکەی ونبکات، ئەوا بڕی ٢٥٠ هەزار دیناری بە پێبژاردن لێوەردەگیرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەشێکی هاوڵاتیان گرفتیان لەگەڵ ئەوەدا هەبوو، کە ئەگەر بەهەر هۆکارێک بێت پاسپۆڕتەکانیان ونکردبێت، نەیاندەتوانی بە ئاسانی بەدەستیبهێننەوە، ئەوەش ببووە هۆی دروستکردنی گرفت لەبەردەم ئیشوکارەکانیاندا.
ئەم هەواڵە 379جار خوێندراوەتەوە |