سەرۆكایەتیی شارەوانیی دارەتوو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر بە گوژمەی نزیكەی 750 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگە و بودجەی سەربار و داهاتی شارەوانی دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی دروستكردن و قیرتاوكردنی شەقام لە دارەتوو كە چەند پرۆژەیەكیان تەواویش كراون.
سەبارەت بە ناوەڕۆكی پرۆژەكان، ڕەوەند قادر، سەرۆكی شارەوانیی دارەتوو دەڵێ، چەند پرۆژەیەكیان تازە تەواوكراون و پرۆژەی نوێش تازە دەستیان پێكردووە، لەبارەی پرۆژەكانەوە گوتی: پرۆژەی قیرتاوکردنی شەقامی پێش سەنتەری ڕۆشنبیری و لاوان لەسەر بودجەی پەرەپیدانی پاریزگای هەولێر دەست بە جێبەجێكردنی كراوە و لە ۲۸ـ۲ـ۲٠۲۳ کۆتایی هات. هەروەها دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقامێكی (۲٠) مەتری و دروستکردنی پردێكی چوارچاوە لەسەر کەندی سروشتی کە گەڕەکی برایەتی بە گەڕەکی ژین دەبەستیتەوە، پرۆژەکە لەسەر بودجەی سەربار جێبەجی دەکریت و ماوەیەكەی (۲۱٠) رۆژە و لە ۲٤ـ۲ـ۲٠۲۳ کەوتووەتە بواری جێبەجیکردنەوە.
هەروەها پرۆژەی دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقامێکی تری (۲٠) مەتری لە گەڕەکی هەرێم كە لەسەر بودجەی سەربار جێبەجی دەکریت و ماوەی پرۆژەکەش (۲٠٠) ڕۆژە و لە ۲ـ۳ـ۲٠۲۳کەوتووەتە بواری جێبەجیکردنەوە. هەروەها پرۆژەی دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقامێکی (۱٥) مەتری کە گەڕەکی هەرێم بە کەرتی ۲٠٠٠ی گەڕەکی ژین دەبەستیتەوە لەسەر داهاتی ٪۱٥ی شارەوانی بە شیوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن تیمی ئەندازیارانی شارەوانیی دارەتوو و بەرێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر ئەنجام دەدرێت و ماوەكەی (۱۲٠) ڕۆژە و لە ۱٥ـ۲ـ۲٠۲۳ کەوتوەەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار
ئەم هەواڵە 193جار خوێندراوەتەوە |