ZNA - ههولێر بە بۆنەی یادەکانی ئادار و نەورۆز لە شاری دھۆک چەندین چالاکی بەڕێوە دەچن و گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەری دھۆکیش دەڵێ، چالاکییەکانی ئادار و نەورۆز بە ناوی ئادارنامە تا کۆتاییی مانگی ئادار بەردەوام دەبن.
حەسەن فەتاح، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەری دھۆک بە ھاوکاریی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک چەندین چالاکیی ئامادە کردووە بە بۆنەی یادەکانی ئادار و نەورۆز لەژێر ناوی ئادارنامە و چالاکییەکان لە سەرەتای مانگی ئادار تا کۆتایی بەپێی ئەو پلانەی ئامادە کراوە بەردەوام دەبن.''
گوتەبێژی ڕۆشنبیری و ھونەری دھۆک ڕوونی کردەوە: "ڕۆژانی ٦ و ٧ی ئادار دیداری یەکەمی ئەدەبی ژنان بەڕێوە دەچێت و ڕۆژی ١١ی ئاداریش پێشانگایەک دەکرێتەوە، ڕۆژی ١٣ی ئادار لە قەزای سێمێل کۆڕێکی شیعرخوێندنەوە بەڕێوە دەچێت، ڕۆژی ١٤ی ئاداریش بە بۆنەی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر و ڕۆژی ڕاپەڕینی دھۆک بزاڤێکی ھونەری بەڕێوە دەچێت.''
حەسەن فەتاح گوتیشی: "ڕۆژی ٢٠ی ئادار ئاگری نەورۆز لە پارکی نەورۆز بە گێڕانی ئاھەنگی گۆرانی و ھەڵپەڕکێ بەڕێوە دەچێت و چەندین چالاکیی ھونەری و گێڕانی ئاھەنگەکانی نەورۆز بەردەوام دەبن لە ھەموو قەزاکانی سەر بە پارێزگای دھۆک، مانگی ئادار چەندین بیرەوەریی تاڵ و شیرینی تێدایە بۆ کورد و ڕێوڕەسمی ھەموو بۆنەکانیش بەڕێوە دەچن.
KDP.info
ئەم هەواڵە 241جار خوێندراوەتەوە |