هەولێر - ZNA سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، رێگری لە گەیشتنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ بەریتانیا دەکەم و هەر کەسێک بە نایاسایی بێت، ناتوانێت بمێنێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5-3- 2023، ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە میدیای وڵاتەکەی دەڵێت، رۆژی سێشەممە 7ـی ئادار، یاسایەکی نوێ سەبارەت بە کۆچبەران رادەگەیێنێت کە ئامانج لێی رێگەگرتنە لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی، بەتایبەتی پەڕینەوەی کۆچبەران لە رێگەی بەلەمەوە لە نۆکەندنی ئینگلیزەوە.
ریشی سووناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی: "پرسی کۆچبەرانی نایاسایی یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانمە و بەڵێنم داوە هاتنی کۆچبەران بە بەلەم کۆتایی پێ بهێنم و سوورم لەسەر ئەوەی بەڵێنەکەم جێبەجێ بکەم".
سوولی برەیڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سەبارەت بە یاسا نوێکەی وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئیدی بەسە. بەریتانییەکان دەیانەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بێت. ئەوان ماندوو بوون لە قسەی بێ کردار، دەبێ دیاردەی کۆچ لە رێگەی بەلەمەوە رابگرین، ئەگەر ئەوان بە نایاسایی بێن، ئەوا دەستبەسەر دەکرێن و لێرە ناهێڵدرێن، یاساکە روون و رەوان دەبێت، تاکە رێگە بۆ هاتن بۆ بەریتانیا، رێگەی یاسایی و سەلامەتییانە دەبێت".
بەگوێرەی میدیاكانى بەریتانیا، یاسا نوێیەکە داواکردنی مافی مانەوە بۆ ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەم دەچنە بەریتانیا قەدەخە دەکات و دەسەڵاتیش دەداتە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە کە هەموو ئەو کۆچبەرانە بۆ رواندا یانیش وڵاتانی خۆیان دیپۆرت بکاتەوە، بە مەرجێک ئاسایش لەو وڵاتانەدا هەبێت.
ئەم هەنگاوەی حکومەتی بەریتانیا لە کاتێکدایە، چوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بەردەوامە و ئەوەش گوشارێکی گەورەی لەسەر حکومەتی ئەو وڵاتە دروستکردووە. ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن، تەنیا لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دوو هەزار و 950 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا.
ئەم هەواڵە 106جار خوێندراوەتەوە |