هەولێر - ZNA بەهۆی نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی لیبیا کە بەرەو ئیتالیا دەڕۆشتن 16 کەس گیانیانلەدەستدا کە شەشیان ئەندامی یەک خێزانن و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5-3-2023، بەلەمێکی کۆچبەران کە زۆرینەیان هاووڵاتی سووری بوون لەکەناراوەکانی لیبیا نقوم بووە و بەهۆیەوە 16 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەگوێرەی زانیارییەکان بەلەمەکە بەلەمێکی بچوک بووە و 25 کۆچبەری هەڵگرتووە و بەنیازبوون بچنە ئیتالیا.
بەپێی زانیارییەکانی میدیا جیهانییەکان، 10 کەس لەوانەی گیانیانلەدەستداوە خەڵکی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانن و شەش کەسیان ئەندامی یەک خێزانن و سێ کەسی دیکەیان خەڵکی شاری عەفرینن و سیانی دیکەشیان خەڵکی پارێزگا جیاوازەکانی سوریان.
ئەم هەواڵە 163جار خوێندراوەتەوە |