English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا لە تیمی وەزاریی یەکێتی دەکات بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران
2023-03-06 [03:43 AM]

ZNA-هەولێر


له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، چەندین جارە داوا لە تیمی وەزاری بەڕێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارەتی خۆیان و متمانەی خەڵک و پەرلەمان بن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا رێگەیان پێ نەدراوە بەشداری بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە (6ی ئادار/مارسی 2023)، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد بە بۆنەی ساڵیادی راپەرینی جەماوەری ساڵی 1991 کە وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە خەباتی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان لە پێناو ئازادیدا. سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیی هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی و یەکڕیزی خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان کردەوە لە پێناو پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆک وەزیران داوای لە تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، چونکە بەشداری نەکردن لە کۆبوونەوەکان و راکردن لە بەرپرسیاریەتی، هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات . لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیران گوتی، "چەندین جارە داوا لە تیمی وەزاری بەڕێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارەتی خۆیان و متمانەی خەڵک و پەرلەمان بن. بە نووسراوی فەرمیش، داوایان لێکراوە کە بگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا رێگەیان پێنەدراوە بەشداری بکەن".

سەرۆک وەزیران هەروەها گوتی، "ئەنجوومەنی وەزیران شوێنی خزمەتکردنی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانە و بەشداری نەکردن لە کۆبوونەوەکان و راکردن لە بەرپرسیاریەتی، چارەسەری هێچ کێشەیەک ناکات و بە پێچەوانەوە، بەرامبەر بە سوێندی یاسایی خۆیان و خەڵکی کوردستان دەکەونە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورە".

پاشان لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە ، لە ڕاپۆرتێکی بەرفراواندا، كار و پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پەروەردەی خستەڕوو، کە بریتی بوو لە پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندن، ڕاهێنانی مامۆستایان، هەڵسەنگاندنی قوتابخانەکان ، خزمەتگوزارییە دیجیتەڵییەکان ، ژێرخانی پەروەردەیی و بەشداری هەرێمی کوردستان لە هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەکان.
سەرۆک وەزیران، دەستخۆشی لە وەزیر و کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە کرد بۆ کارکردنی بەردەوامیان لە جێبەجێکردنی کارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەم لە بواری پەروەردە و ئەنجامدانی ژمارەیەک لە پلانە ستراتیژییەکان.

بڕگەی دووەم، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆری ئیتیحادی ساڵی 2015 لە هەرێمی کوردستان کە لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو.

ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، بەرەنگاربوونەوەی پرۆسەکانی سپیکردنەوە و شوشتنەوەی مایە و ڕێگريگرتنە لە مایەدارکردنی تیرۆر و لێکەوتە زیانبەخشەکانی لە سەر ئابووری و کۆمەڵگە. ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد.

لە بڕگەی کۆتاییدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ، پێشنیاری دووبارە ڕێگەپێدان بە دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی بواری دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی پێشکەش کرد کە ماوەی چەند ساڵێکە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران وەستاوە.

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، کە بەدواداچوونی ورد و هەمەلایەنی ئەم بابەتە بکرێت و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی گشتگیردا، بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بکرێت، بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییان و پێشخستنی بواری تەندروستی و لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆراک، کە پێویستە بۆ ئەم مەبەستە، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی هەرێمی کوردستان دابمەزرێت.

 





ئەم هەواڵە 262جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad