كونسوڵی كۆماری چیك رایگەیاند: “ئاسایش و ئارامی شارەكانی هەرێمی كوردستان بەهێزترە لە چاو شارەكانی چیك و ئەڵمانیا و دەمانەوێ بە ئەوروپیەكان بڵێین كوردستان نموونەی ناوچەیەكی سەلامەتی گەشتیارییه”.
ئەمڕۆ دووشەممە، كونسوڵی گشتی كۆماری چیك لە هەرێمی كوردستان(كاریل كۆرتانیك) سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرد و لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب پێشوازی لێكرا.
لە دیدارێکدا، کە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بۆ کاروباری کارگێڕی، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیداری سەربەخۆی سۆران ئامادەی دیدارەکە بوون، كونسوڵی كۆماری چیك ئامانجی سەردانەكەی بۆ ئیدارەی سۆران ئاشكراكرد و رایگەیاند: " هێنانی گروپێكی میوزیكی بۆ هەرێمی كوردستان بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند كۆنسێرتێكی هوونەری لە شارەكانی كوردستان بە ئامانجی ئاشناكردنی هاوڵاتیی چیك و جیهانی دەرەوە بە كەلتوری جوانی و سەرەنجڕاكێشی ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هاوكات هەماهەنگیكردن لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە مەبەستی گرنگیدان بە كەرتی گەشتوگوزار ئامانجی سەرەكی سەردانەكەیان بووە".
راشیگەیاند: ئاسایش و ئارامی هەولێری پایتەخت لەبارتر و باشترە لە چاو شارەكانی چیك و ئەڵمانیا، بۆیە دەمانەوێ بە ئەوروپیەكان بڵێین كوردستان نموونەی ناوچەیەكی سەلامەتە لە دیبلۆماسیەتی گەشتیاریدا.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بە میدیاكارانی گوت: " گرنگیدان بە بواری گەشتیاری یەكێك لە بەرنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆیە هەوڵەكانی بۆ رێكخستنی ئەم جۆرە پەیوەندیی و دیدارانە ئەنجامی ئەرێنییان دەبێت، بڕیاریشوایە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ كۆنسێرتێكی میوزیكی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام بدەین و لەم نزیكانەش ١٠ بەڕێوبەری گشتی گەشتوگوزار كە یەكێكیان بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆرانە سەردانی چیك دەكەن بۆ بەشداریكردن لە پیشانگایەكی نێودەوڵەتی لە بواری گەشتوگوزار".
هەروەها، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند: هەوڵ دەدەن بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی كارئاسانی بۆ میكانزمی هاتوچۆی گەشتیاری هاوڵاتیانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ ناوچە گەشتیارییەكانی چیك و بە پێچەوانەوە بكرێت.
جێی ئاماژەیە، جاری دووەمە كونسوڵی كۆماری چیك سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكات.
ئەم هەواڵە 181جار خوێندراوەتەوە |