ZNA-هەولێر بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا هێندە گۆڕانکاری بەخۆیەوە نەبینیوە و هەر ئۆنسەیەکی بە 1846 دۆلار تاوەکو 1847 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمڕۆ جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەبەردەم کۆنگریسی ئەمریکادا گوتارێک پێشکێش دەکات و بە ئەگەری زۆرەوە روونکردنەوەی زیاتر دەدات لەسەر سیاسەتەکانی بانکی ناوەندی لەسەر چۆنییەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا و، بەو هۆیەشەوە بازرگانانی زێڕ بە وریاییەوە مامەڵەکانیان ئەنجام دەدەن.
ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ مانگی یەکی ئەمساڵ تێکەڵاوبوون. هەرچەندە رێژەی هەڵاوسان لە مانگی یەکدا بەرزبووەوەتەوە، بەڵام ئامارەکانی دیکە ئاماژە بە ساردبوونەوەی بازاڕی کار و کەرتی وردەفرۆشی ئەمریکا دەدەن.
بەپێی شرۆڤەکاران، ئاماژەکان بۆ ئەوەیە کە ئابووریی ئەمریکا نزیکبووەتەوە لە سستبوونەوە و یارمەتی نرخی زێڕ دەدات کە بەرزبێتەوە، لەبەر دوو هۆکارە:
یەکەم: لەبەر ئەوەی لەگەڵ سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا بەهای دۆلار دادەبەزێت و سوودی بانکی بەرزناکرێتەوە.
دووەم: لەبەرئەوەی کە زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارامە بەتایبەتی لە کاتی سستبوونەوەی ئابووریدا، بەو هۆیەشەوە خواست بۆ کڕینی زێڕ بەرزدەبێتەوە.
ئەم هەواڵە 133جار خوێندراوەتەوە |