ZNA-هەولێر
نرخی نەوت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بۆ سەرووی 86 دۆلار بەرزبووەوە، هۆکارەکەیشی بۆ هۆشداریی بەشێک لە ناوەند و کۆمپانیاکانی وزە دەگەڕێتەوە کە توانای خستنەڕووی نەوتی زیاتریان لە بازاڕدا نییە.
هەروەها گەشبینی بە بەرزبوونەوەی خواست لەلاین چینەوە بۆ نەوتی خاو بە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەژمار دەکرێت.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ سێشەممە 40 سەنت بەرزبووەوە و بە 86 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 30 سەنت بەرزبووە و بە 80 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. بەوپێیەش نرخی نەوتی برێنت بۆ شەش رۆژی یەک لە دوای یەک دەڕوات کە بەرزدەبێتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی توانای پاڵاوگە چینییەکان و چەندین وڵاتی دیکەی ئاسیایی کە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر ئەو بەرهەمە ستراتژییە.
ڤیڤیک زار، بەڕێوەبەری بەشی کاڵاکانی سەر بە بانکی ( کۆمێن وێلس)، رایگەیاند، " بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی نەوت بە ئەگەری زۆرەوە پەیوەستە بە لێدوانەکانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی شێڤرۆن کە رایگەیاند پیشەسازیی نەوت توانایەکی سنوورداری ماوە بۆ زیادکردنی قەبارەی خستنەڕووی نەوتی خاو."
مایک وێرس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای شێڤرۆن رایگەیاند، نەوتی رووسیا لەوە بەدواوە دەبێت مەودایەکی درێژتر ببڕێت بۆ ئەوەی بگاتە ئەو وڵاتانەی کە هێشتا کڕینی نەوتی رووسیایان لێ قەدەخە نەکراوە. ئەوەش نەتەنیا دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوەی نەوت، هاوکات دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەگەر شتێکی لە ناوکاو رووبدات، پیشەسازیی نەوت نەتوانێت بە خێرایی قەرەبووی بکاتەوە.
ئەم هەواڵە 100جار خوێندراوەتەوە |