ZNA-هەولێر وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەستپێکردنی نەوەی سێیەمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی رایگەیاند. سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ: 85٪ رێکارەکان کەمدەکاتەوە و هاووڵاتی لە یەک رۆژدا پاسپۆرتی بۆ دەردەچێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ "پرۆژەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی وەرچەرخانێکی جۆرییە لە پێشڤەچوونی مامەڵە و وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکان لە رووی کوالێتی و خێراییدا".
لەبارەی کوالێتیی پاسپۆرتەکەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت "ئەم پاسپۆرتە نوێیە، بەرزترین تایبەتمەندیی ئەمنی و تەکنیکی نوێی هەیە، بەپێی پێوەرەکانی رێکخراوی فڕۆکەوانی شارستانی نێودەوڵەتی (ICAO) .پەڕەکانی لە مادەی پۆلیکاربۆنایت دروستکراون کە ساختەکاریی تێیدا ناکرێت و تێکناچێت. بە لێزەر چاپدەکرێت، لە چەند چینێک پێکدێت. نیشانەی ئەمنی و تەکنیکیی بینراو و نەبینراوی هەیە. زانیاری کەسی تێدایە، دەتوانێت بە هەموو دەروازە ئەلیتکترۆنییەکانی سەرجەم فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان تێپەڕێت. پەڕەکانی پاسپۆرتە نوێیەکە وێنە و نەخش و نیگاری جۆراوجۆری لە خۆگرتووە، کە نیشانە و هێما دێرینەکانی وڵاتی نێوان دوو رووباری لە خۆگرتووە".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی دووشەممە 06-03-2023، بە چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق و بەدواداچوونی بەڕێوەبەری باری شارستانی و پاسپۆرت نشینگە، نەوەی سێیەمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەستیپێکرد.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودنی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەنجەرەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی کردەوە و سەرپەرشتی دەرکردنی یەکەم پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیی کرد. "ستایشی هەوڵی کارمەندانی بەڕێوەبەری باری شارستانی و پاسپۆرت نشینگەی کرد".
پاسپۆرتەکە تایبەتمەندی تەکنیکی بەرزە و بەپێی پێوەرەکانی رێکخراوی فڕۆکەوانی شارستانی نێودەوڵەتی (ICAO)ـیە. سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی "نزیکەی 85٪ رێکارە کاخەزی و کارگێڕییەکان کەمدەکاتەوە و لە ماوەی رۆژێکدا هاووڵاتی پاسپۆرتی بۆ دەردەچێت".
زیاتر لە سێ مانگە نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت بەهۆی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرتەوە راگیراوە، تەنیا ژمارەیەکی کەم بەردەست بووە بۆ ئەوانەی بەپەلە پێویستیان پێی بووە وەکو نەخۆش و خوێندکاران ئەوانەی پێویست بووە بچنە دەرەوەی وڵات.
ئەم هەواڵە 127جار خوێندراوەتەوە |