هەولێر - ZNA وەزیری بەرگری ئەمریکا بە سەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتە بەغدا و بڕیارە دوای بەغدا سەردانی هەولێر بکات.
لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا، لە ئێستادا لە بەغدایە و لە بەرنامەی سەردانەکەیدا هاتووە، لەسەر دۆسیەی ئێران و بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی کۆدەبێتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ پابەندبوونی ئەمریکایە بە هاوکاریەکانی بۆ هاوپەیمانان لە ناوچەکە و ئۆستنیش دەڵێت، ئامانجی سەردانەکەی بۆ عێراق دووپاتکردنەوەی هاوبەشی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراقە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە چەند رۆژی رابردوودا وەزیری بەرگری ئەمریکا گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەردانی ئیسڕائیل و ئوردنی کرد و چاوی بە سەربازانی وڵاتەکەی لەو ناوچانە کەوت.
ئەم هەواڵە 247جار خوێندراوەتەوە |