ZNA - ههولێر
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند "بەقووڵی نیگەرانە" لە پڕۆژەیاسای نوێی حکوومەتی بەریتانیا کە پێشکەشی پەرلەمانی دەکات بۆ رێگەگرتن لە چوونی کۆچبەرانی نایاسایی لە رێگای نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ ئەو وڵاتە.
کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە راگەیەندراوێکدا سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە پڕۆژەیاساکەی حکوومەتی بەریتانیا بە زیانی پەنابەران تەواو دەبێت.
لە راگەیەندراوەکەدا بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە ئەگەر رەزامەندی لەسەر پڕۆژە بڕیارەکە بدرێت بە واتای قەدەغەکردنی چوونی پەنابەران دێت، هاتووە: "هەرچەند ئەم داواکارییانە چەندە راستەقینە و ناچاریش بن، بەڵام ئەگەر رەچاوی هەلومەرجی تاکایەتی نەکرێت، ئەوا مافی پاراستنی پەنابەران لە بەریتانیا بۆ ئەوانەی بە رێگای نایاسایی روو لەو وڵاتە دەکەن ناهێڵێت. بەقووڵی نیگەرانین لەو پڕۆژەیاسایەی حکوومەتی بەریتانیا".
کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە پەسەندکردنی ئەم پڕۆژەیاسایە بە واتای پێشێلکردنی زەقی پەیماننامەی پەیوەندیدار بە پەنابەران دێت و کولتووری هەستی مرۆییانەی گەلی بەریتانیا کە زۆر لە مێژە بەردەوامە دەخاتە ژێر پرسیار و نووسیوویەتی: "بەهۆی ئەوەی زۆربەی ئەو کەسانەی لە جەنگ رایانکردووە پاسەپۆرتیان پێ نەبووە و نەیانتوانیووە ڤیزە وەربگرن، بە رێگای نایاسایی و ئاسایشنەپارێزراو کۆچ دەکەن، رێگەگرتن لە گەیشتنی پەنابەران بەم جۆرە، زیان بە ئامانجەکانی پەیماننامەی پەیوەندیدار بە پەنابەران دەگەیەنێت".
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، سولا برەیڤەرمان رایگەیاندبوو لە ئەگەری پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکەدا ئەو پەنابەرانە کە بە بەلەمی بچووک بە رێگای نایاسایی روو لە بەریتانیا دەکەن بەبێ هیچ جۆرە لێکۆڵینەوەیەک لە ماوەی ٢٨ رۆژدا دیپۆرت دەکرێنەوە و رێکاری یاساییشیان دوای دیپۆرتکردنەوە بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
AA
ئەم هەواڵە 136جار خوێندراوەتەوە |